Accessibility links

پاش کوژرانی 5 پـۆلیس لە شارێـکی ئەمەریکا گومانبارێـک دەکوژرێت و 3 ی دیکە دەستگیردەکرێن

  • VOA News

سەرۆکی پـۆلیسی شاری داڵسی ویلایەتی تەکساس بەیانی ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند 3 گومانبار دەسـتگیرکراون و کاربەدەسـتانی دیکەی ئاسایشی دەڵێن گومانباری چوارەم کوژراوە، ئەمەش پاش ئەوەی لە میانەی خۆپـیشاندانێـکی ناڕەزایی لە شارەکە تەقەیان لە پـۆلیس کردبوو و لە ئاکامدا 5 پـۆلیس کوژران و 6 پـۆلیسی دیکە برینداربوون.

کاربەدەسـتان دەڵێن پـۆلیس هەوڵی دابوو گومانباری چوارەم خۆی ڕادەستبکات کە لە گەراجێـکی ئۆتۆمبیل خۆی حەشاردابوو، بەڵام ئامادە نەبووە و کەوتبووە شەڕە تەقە لەگەڵ پـۆلیسەکاندا. هێشتا ڕوون نیـیە ئایا خۆی گولـلەی بە خۆیەوە نابوو یان بە گولـلەی پـۆلیس کوژراوە.

خۆپـیشاندانەکە سازکرابوو بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر کوژرانی 2 پـیاوی پـێست ڕەش بە دەسـتی پـۆلیس لە ماوەی ئەم هەفتەیە، یەکێـکیان لە ویلایەتی لویزیانا و ئەوی دیکەیان لە ویلایەتی مینەسۆتا.

سەرۆک ئۆباما کە لە ئێسـتادا لە وارشۆی پایتەختی پـۆلەندایە بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی ناتۆ، زویەکی بەیانی هەینی بە کاتی واشنتن لەوێوە وتارێـکی پـێشکەش کرد و تیایدا بە توندی هێرشی سەر پـۆلیسەکانی شەرمەزارکرد و گوتی هێرشێـکی قێزەوەنی بە مەبەست بووە بۆ سەر ئەو پـۆلیسانەی کە بە ئەرکی فەرمی خۆیان هەستابوون. گوتیشی پـۆلیس کارێـکی ئێجگار قورسی هەیە و تەقەکردنەکە شتێـکی ناخۆش بە بیرمان دەهێنێتەوە کە پـۆلیس چەندە ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە.

دەیڤد بڕاون سەرۆکی پـۆلیسی داڵس دەڵێت یەک لە دەسـتگیرکراوەکان ژنە و لێکۆڵنەوە لەگەڵ دوو گومانبارەکەی دیکە کراوە کە بە جانتای گوماناویـیەوە بینرابوون و وەهایان کردبوو پـۆلیس دوای ئۆتۆمبیلەکەیان بکەوێت.

XS
SM
MD
LG