Accessibility links

خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی بەخشرایە سەرۆکی کۆلۆمبیا

  • VOA News

خوان مانۆێل سانتۆس سەرۆکی کۆلۆمبیا بە زمانی ئیسپانی لەسەر دەستی نووسیوە "ئاشتی"

خوان مانۆێل سانتۆس سەرۆکی کۆلۆمبیا بە زمانی ئیسپانی لەسەر دەستی نووسیوە "ئاشتی"

خەڵاتی نۆبڵی ساڵی 2016 بۆ ئاشتی بەخشرایە خوان مانۆێل سانتۆس سەرۆکی کۆلۆمبیا، وەک پـێزانینێـک بۆ ئەو هەوڵانەی داویەتی بۆ کۆتایی‌هێنان بە زیاتر لە پەنجا ساڵی شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەی.

کاسی کوڵمان فایف سەرۆکی کۆمیتەکە ئەمڕۆ هەینی لە مەراسیمێـکدا لە ئۆسلۆ ئەمەی ڕاگەیاند، بەڵام گوتی پـرۆسەی ئاشتیـیەکە لە بەردەم مەترسیـیەکی ڕاستەقینەدایە و شیانی هەیە سەرلەنوێ شەڕی ناوخۆ لەو وڵاتە هەڵبگیرسێتەوە.

جێی ئاماژەیە 26 ی مانگی نۆی ئەمساڵ لە هاڤانای پایتەختی کوبا هەریەک لە سەرۆکی کۆلۆمبیا و ڕۆدریگۆ لۆندۆنۆ ڕێبەری هێزە شۆڕشگێڕە چەکدارەکانی کۆلۆمبیا (FARC) ڕێکەوتنـنامەی ئاشتیـیان واژوکرد، بەڵام خەڵکی وڵاتەکە لە ڕیفراندۆمێـکی گشتیدا لە 2 ی مانگی دە بە جیاوازیـیەکی کەم ڕێـکەوتنەکەیان ڕەتکردەوە.

خانم کاسی گوتی هیوادارین ئەمە گوڕوتینێـک بدات بە هەموو ئەو هەوڵە باشانەی دەدرێن لە پـێناو بەدیهێنانی ئاشتی لە کۆلۆمبیا. جەختی لەوەش کرد کە ڕەتکردنەوەی ڕێـکەوتنـنامەکە بە دەنگی 50.24 ی دەنگدەران لە ڕێفراندۆمەکەی یەکشەممە، مانای ئەوە نیـیە ئیدی پـرۆسەی ئاشتی بە کۆتایی‌هات.

بەڵام ڕوونی نەکردەوە بۆچی خەڵاتەکە لە نێوان خوان مانۆێل سانتۆس و ڕۆدریگۆ لۆندۆنۆ دابەش نەکرا.

بەپـێی ڕێـکەوتنـنامەکە دەبێت 5765 چەکداری ڕێـکخراوی FARC چەکەکانیان دابنێن و لێبوردنی گشتیـیان بۆ دەربچێت و حزبێـکی سیاسی دابمەزرێنن و بچنە نێو پـرۆسەی سیاسی وڵاتەکە و کورسیـیان لە پەرلەمان بدرێتە هەتا هەڵبژاردن سازدەکرێت.

شەڕی ناوخۆ کۆلۆمبیا لە ماوەی 52 سـاڵی ڕابردوو، کوژرانی زیاتر لە 260 هەزار کەسی لێکەوتووەتەوە و 45 هەزار کەسی دیکە تیایدا بێ سەروشوێن بوون و نزیکەی 7 ملیۆن کەسیش ئاوارە و دەربەدەربوون.

XS
SM
MD
LG