کاربەدەسـتانی ئەمەریکا دەڵێن چین هێرشێـکی گەورەی کردووەتە سەر تۆڕێـکی کۆمپـیوتەری دەزگاکانی حکومەتی فیدراڵی ئەمەریکا کە تیایدا زانیاری هەیە لە بارەی ملیۆنان فەرمانبەری حکومەت.
بەڕێوەبەرایەتی کاروباری فەرمانبەران ڕۆژی پـێـنجشەممە گوتی نزیکەی 4 ملیۆن فەرمانبەری ئێسـتا و پـێشووی حکومەتی فیدراڵی ڕەنگە لەم هاککردنە گەورەیەدا زانیاریـیان لە بارەیەوە برابێت.
کاربەدەسـتانی جێبەجێکردنی یاسا لە ئەمەریکا دەڵێن پـێـیانوایە هاککەرانێـک کە لە چینن دەسـتیان لەم کارەدا هەبووبێت، بەڵام زانیاریـیان نەدا ئایا چۆن گەیشـتوونەتە ئەو ئەنجامە.
هۆنگ لی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ڕۆژی هەینی گوتی ئەو تۆمەتە بڕوای پـێناکرێت و هێرشی لەو جۆرانە بە گشتی نازانرێت کێ ئەنجامی داوە.
بەڵام شارەزایان پـێـیان وایە کارێـکی لەو جۆرە زیاتر شیانی هەیە وڵاتان دەسـتیان تیایدا هەبێت بەو پـێـیەی زانیاری وردی تێدایە لەسەر ئەو فەرمانبەرانە کە لە ڕابردوودا چیان کردووە و لە کوێ بوون.