Accessibility links

کاربەدەسـتان: هێزێکی تایبەتی ئەمەریکا بەرپـرسی چەکی کیمیاوی داعشی دەستگیرکردووە


دوو کاربەدەسـتی باڵای هەواڵگری عێراق دەڵێن هێزێـکی تایبەتی ئەمەریکا لە هەڵمەتێـکیدا لە مانگی ڕابردوو توانیویەتی بەرپرسی یەکەی دروسـتکردنی چەکی کیمیاوی داعش لە باکوری وڵاتەکە دەسـتگیربکات.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەیتد پـرێس ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاپـۆرتێـکیدا هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت هەردوو کاربەدەسـتە عێراقیـیەکە کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرابکرێت، گوتویانە ئەو کەسەی دەسـتگیرکراوە ناوی سلێمان داوود ئەلعەفاریـیە و تەمەنی 50 سـاڵە و لە سەردەمی سەدام حسێن دیکتاتۆری پـێشووی عێراق لە دەزگای ناسراو بە (التصنيع العسكري) کاری کردبوو. دەڵێن لە نزیک شاری تەلەعفەری پارێزگای موسڵ دەسـتگیرکراوە.

هەفتەی ڕابردوو کاربەدەسـتانی ئەمەریکا ڕایانگەیاند بەرپـرسێـکی گەورەی داعشیان دەسـتگیرکردووە، بەڵام ئاشکرایان نەکرد کێـیە و تەنیا گوتیان ماوەی دوو سێ هەفتەیە دەسـتگیریان کردووە و ئێسـتا لێکۆڵێنەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

هاوکاتی ئەم هەواڵەی ئەسۆشیەیتد، کەناڵی CNN ی ئەمەریکاش ڕایگەیاند چەند کاربەدەسـتێـکی ئەمەریکا گوتوویانە ئەمڕۆ چوارشەممە لەسەر زانیاری بەرپـرسێـکی داعش کە پـێشـتر دەسـتگێرکراوە، فڕۆکەی جەنگی ئەمەریکا بۆردومانی چەند شوێنێـکیان لە نزیک شاری موسڵ کردووە کە پـێدەچێت کارگەی دروسـتکردنی چەکی کیمیاوی داعش بن.

XS
SM
MD
LG