Accessibility links

ئاشتۆن کارتەر: ئەمەریکا پـلانێـکی تەواوی داڕشتووە بۆ ڕزگارکردنی موسڵ و ڕەققە


وەزیری بەرگری ئەمەریکا پـێشبینی دەکات زیاتر لە 24 وڵاتی ئەندامی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە دژی داعش، ئەوەی وڵاتەکەی ڕابەرایەتی دەکات، پشـتیوانی لە پـلانێـکی ئەمەریکا بکەن بۆ چڕکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش لە ماوەی ئەمساڵدا.

ئاشتۆن کارتەر ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە بارەگای ناتۆ لە برۆکسل ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی ئەمڕۆ وردەکاری پـلانەکە ئاشکرادەکات لە میانەی کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری وڵاتانی ئەندامی ناتۆ.

چاوەڕوان‌دەکرێت داوا لە هاوبەشەکانی ئەمەریکا لە شەڕی دژی داعش بکات ڕێوشوێنی دیکە بدۆزنەوە بۆ زیادکردنی بەشداریـیەکانیان لەم شەڕەدا، ئیدی چ لەشکری بن یان دارایی یانیش لۆجستی.

جەختی لەوەش کرد ئەمەریکا سوورە لەسەر خێراکردن لە شەڕەکە و بە زووترین کات شارەکانی داعش لە عێراق و سوریا داگیریکردوون ڕزگاربکرێن. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد ئەمەریکا پـلانێـکی تەواوی داڕشتووە بۆ ڕزگارکردنی هەردوو شاری موسڵ و ڕەققە.

جێی ئاماژەیە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا ڕۆڵێـکی گرنگی هەبووە لە ڕاگرتنی داعش و تێـکشکاندنی لە بەرەکانی شەڕدا، ئەمەش لە ڕێگەی یارمەتیدانی هێزەکانی حکومەتی عێراق و پـێشمەرگە و شەڕڤانانیش لە سوریا. لە ماوەی یەک ساڵ و نیو لە دەسـتپـێکردنی ئۆپەراسیۆنەکات، فڕۆکەکانی هاوپەیمانان زیاتر لە 10 هەزار هێرشی ئاسمانیـیان لە عێراق و سوریا ئەنجامداوە.

XS
SM
MD
LG