Accessibility links

وەزیری بەرگری ئەمەریکا بە سەردانێـکی پـێشتر ئاشکرانەکراو لە عێراقە


وەزیری بەرگری ئەمەریکا بە سەردانێـکی پـێشـتر ئاشکرانەکراو گەیشتووەتە عێراق بە مەبەسـتی وتووێژکردن لەگەڵ کاربەدەسـتانی باڵای ئەو وڵاتە.

ئاشتۆن کارتەر بەیانی پـێنجشەممە گەیشتە بەغدای پایتەخت و بە نیازە لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیر و خالید ئەلعوبێدی وەزیری بەرگری کۆبـبێتەوە.

هەروەها لەگەڵ ڕێبەرانی چەند خێڵێـکی سووننە کۆدەبێتەوە کە ئەمەریکا دەیەوێت ببنە بەشێـک لەو هێزانەی ڕووبەڕووی داعش دەبنەوە.

کاربەدەسـتانی عێراق دەڵێن هێزەکانیان لەم نزیکانە هێرشی خۆیان بۆ گرتنەوەی شاری ڕومادی دەسـتپـێـبکەن.

جێی وەبیرهێنانەوەیە لە مانگی پـێنجدا کاتێـک داعش هێرشی کردە سەر شاری ڕومادی، هێزە عێراقیـیەکان بەبێ بەرگری تەواوی شارەکەیان چۆڵکرد و سەرئەنجام ئەو شارە زۆرینە سووننەیە کە ناوەندی پارێزگای ئەنبارە کەوتە دەسـتی داعشەوە، ئەمەش بووە جێی ڕەخنەی ئاشتۆن کارتەر کە گوتبووی" لەشکری عێراق نیشـانی نەدا شەڕ بکات."

هەرچەندە سەرۆک ئۆباما لە ناوخۆی وڵات لە ژێر فشاردایە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی زیاتر لە دژی داعش، بەڵام هێشـتا لەگەڵ ئەوەدا نیـیە هێزی زەمینی ئەمەریکایی بۆ ئەو شەڕە ڕەوانەبکرێت.

لە ئێسـتادا ئەمەریکا زیاتر لە 3 هەزار سەربازی لە عێراقە بۆ ڕاوێژکاری و مەشق و ڕاهێنان بە هێزە عێراقیـیەکان.

XS
SM
MD
LG