Accessibility links

کەنەدا بەنیازە سـاڵی داهاتوو 300 هەزار کۆچبەر و پەنابەر وەربگرێت

  • VOA News

کەنەدا بەنیازە بۆ ساڵی داهاتوو 300 هەزار کۆچبەر و پەنابەر وەربگرێت و دەڵێت ئامانج لەم هەنگاوەی باشترکردنی دیموگرافی و ئابوری وڵاتەکەیە.

جۆن مەککاڵم وەزیر کۆچبەری کەنەدا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی پـێیوایە وەرگرتنی ژمارەی زۆری کۆچبەر و پەنابەر سیاسەتێـکی ڕاستە لە پـێناو قەرەبووکردنی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بە تەمەنەکان لە وڵاتەکەیدا، بۆیە وەرگرتنی کۆچبەری زیاتر بە قازانجی ئابوری وڵاتەکە دەکەوێتەوە.

بەڵام گوتی لە ئەمساڵدا ژمارەکە لەوە زیاتر ناکەن، وەک ئەوەی ئەنجومەنی گەشەپـێدانی ئابوری وڵاتەکەی پـێشنیاری کردبوو لە ماوەی پـێنج ساڵی داهاتوو ساڵانە 450 هەزار کۆچبەر وەربگرن. جەختی لەوەش کرد لەم 300 هەزارەی بە نیازن وەریانبگرن زیاتر کۆچبەر دەبن لەوەی پەنابەر بن.

بەپـێی وەزارەتی کۆچبەری لە ساڵی داهاتوو تەنها 40 هەزار پەنابەر وەردەگرن، واتە 16 هەزار کەمتر بەراورد بە ساڵی 2016 ، بەڵام 84 هەزار کەس وەردەگرن لە چوارچێوەی یاسای کۆکردنەوەی خێزانە پەرتەوازبووەکان. هەروەها بەنیازن لەو 300 هەزار کۆچبەر و پەنابەرە مۆڵەتی کارکردن بە 172 هەزار کەسیان بدەن.

لەوەتای مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو هەتا ئێستا کەنەدا زیاتر لە 33 هەزار پەنابەری سوری وەرگرتووە و بەپـێی ئامارە فەرمیـیەکانی ئەم دوایـیانە، نزیکەی 22 هەزار پەنابەری سوری داوای کۆچکردنیان بۆ کەنەدا کردووە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە جەستن ترودو سەرۆک وەزیری کەنەدا سـاڵی ڕابردوو پاش گرتنە دەسـتی پـۆستەکەی گوتی پشـتیوانی لە کۆچکردنی زیاتر بۆ وڵاتەکەی دەکات.

XS
SM
MD
LG