Accessibility links

لیبراڵەکانی کەنەدا سەرکەوتن لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیـیەکەی وڵاتەکەیان بەدەسـت‌دەهێنن


چاوەڕوان‌دەکرێت جەستن ترودو ببێتە سەرۆک وەزیری نوێی کەنەدا پاش ئەوەی ڕێبەرایەتی لیبراڵەکانی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیـیەکەی وڵاتەکەی کرد و سەرکەوتنێـکی گەورەی تۆمارکرد.

لە پاش 78 ڕۆژ لە هەڵمەتی هەڵبژاردن بنکەکانی دەنگدان کە ژمارەیان 65 هەزار بوو، ڕۆژی دووشەممە لە بەردەم زیاتر لە 26 ملیۆن کەس کرانەوە.

بەپـێی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کەنەدا لیبراڵەکان لە کۆی 338 کورسی پەرلەمان 184 کورسیان بردووەتەوە، بەڵام پارتی کۆنەپارێزانی سەرۆک وەزیر ستیفن هاربەر 99 کورسی بەدەسـتهێناوە. پارتی دیموکراتی نوێی کەنەداش بە پلەی سێـیەم هاتووە و 44 کورسی بردووەتەوە. بە دوای ئەویشدا قەوارەی کیوبیک 10 کورسی بەدەسـتهێناوە. پارتی سەوزیش کورسیـیەک.

جەستن ترودو شەوی دووشەممە لە مۆنتریال لە بەردەم لایەنگرانی هەواڵی سەرکەوتنی پارتەکەیانی ڕاگەیاند و گوتی سیاسەتی ئەرێنیـیانە دەتوانێت ئەم ئەنجامە بەدەسـتبهێنت و هیوای خواست سەرکەوتوو ببێت لە خزمەتکردنی خەڵکی وڵاتەکەیدا.

هاوکات ستیفن هاربەر پـیرۆزبایی لە جەستن ترودو کرد و گوتی هەرچەندە ئەم ئەنجامە ئەوە نەبوو کە دەمانخواست، بەڵام هەرگیز میللەت هەڵە ناکات. پاشان پارتی کۆنەپارێز ڕایگەیاند ستیفن هاربەر لە ڕێبەرایەتی دێتە خوارەوە.

جێی ئاماژەیە جەستن ترودو تەمەن 43 سـاڵ دەبێتە دووەم بچوکترین سەرۆک وەزیر لە مێژووی کەنەدا. یەکەم جار سـاڵی 2008 بوو بە ئەندامی پەرلەمانی وڵاتەکەی و لە سـاڵی 2013 ڕێبەرایەتی پارتەکەی گرتەدەست کە سێ جار لەسەر یەک لەوەتای سـاڵی 2006 وە لە بەرامبەر کۆنەپارێزەکان شـکستی هێنابوو. لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکە جەستن ترودو جەختی دەکردەوە سەر زیادکردنی باج لەسەر دەوڵەمەندەکان و خەرجکردنی پارەی زیاتر بۆ ژێرخانی وڵاتەکە و بەهێزکردنی ئابوری و باشترکردنی پەیوەندیـیەکان لەگەڵ ئەمەریکا. بەڵێنیشی داوە لەو هاوپەیمانێتیەی دژی داعش بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا بێتە دەرەوە، بەڵام گوتویەتی وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە یارمەتیدانی هێزە عێراقی و کوردیـیەکان.

XS
SM
MD
LG