Accessibility links

سەرۆک ئۆباما پـێشوازیـیەکی گەرم لە سەرۆک وەزیری کەنەدا دەکات

  • VOA News

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا براک ئۆباما لەگەڵ میشێل ئۆباما خانمی یەکەمی ئەمەریکا ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە کۆشـکی سپی بە فەرمی پـێشوازیـیەکی گەرمیان لە جەستن ترودو سەرۆک وەزیری کەنەدا و سۆفیە غیگ‌وای هاوسەری کرد.

بە دەیان ئاڵای ئەمەریکا و کەنەدا پـێکەوە لە چیمەنی دیوی باشوری کۆشـکی سـپی دەشەکانەوە، لەو کاتەی سروودی نیشتیمانی هەردوو وڵاتی دراوسێ لێدەدران.

سەرۆک ئۆباما گوتی " لە مێژەوە گوتویانە ئەتوانیت هاوڕێـکانت هەڵبژێریت بەڵام ناتوانیت دراوسێـکانت هەڵبژێریت. ئەمەریکا و کەنەدا بەختەوەرن کە بەپـێی جوگرافیا دراوسێن و بە خواستی خۆیان هاوپەیمان و دۆستی هەرە نزیکی یەکترن."

پاشان سەرۆکی ئەمەریکا ڕووی دەمی کردە سەرۆک وەزیری کەنەدا و گوتی" هەڵبژاردنت بە سەرۆک وەزیر و مانگەکانی یەکەمی حکومڕانیت گوڕوتینێکی نوێی بەخشی نەک تەنیا بە کەنەدا، بەڵکو بە پەیوەندیـیەکانی نێوان هەردوو وڵاتمان."

سەرۆک ئۆباما جەختی لەوەش کرد بەهای هاوبەشی ئەم دوو وڵاتە پـێـکەوە گرێـیان دەدات لەگەڵ ئەو درێژترین سنوورەی جیهان کە لە نێوانیاندا هەیە.

سەرۆک وەزیری کەنەداش لای خۆیەوە گوتی گەلێـک خاڵی هاوبەش لە نێواناندا هەیە و خەڵکی هەردوو وڵات تێکەڵاوی یەکەن و ئابوری هەردوو وڵات پـێکەوە گرێدراون.

بەپـێی کاربەدەسـتان هەردوو ڕێبەر تاووتوێی پەیوەندیـیە ئابوریـیەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکەن لەگەڵ کێشەی گۆڕانی کەش‌وهەوای جیهان و هەروەها شەڕی داعش.

جێی ئاماژەیە ئەمە یەکەم سەردانی فەرمی سەرۆک وەزیری کەنەدایە بۆ ئەمەریکا لە پاش 19 سـاڵ. بڕیارە ئەمڕۆ ئێوارەخوانێـکی فەرمی لە کۆشـکی سـپی بۆ سەرۆک وەزیری کەنەدا سازبکرێت بە ئامادەبوونی زیاتر لە 200 کەسایەتی.

XS
SM
MD
LG