له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا له په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستانی عێراق ده‌ستکراوه به گفتوگۆکردن له‌سه‌ر به‌رنوسی یاسای مافی به‌ده‌ستهێنانی زانیاری، به‌ڵام که‌مپه‌ینێکیش ده‌ستیپێکردووه بۆ ڕێگه گرتن له په‌سه‌ند کردنی ئه‌و به‌رنوسه.
ئه‌و که‌مپه‌ینه داوا له په‌رله‌مان ده‌کات گفتوگۆکان له‌سه‌ر به‌رنوسه‌که ڕابگرێت و له ئاماده‌کردنی دوا بهرنوسدا جه‌خت له که‌مکردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕێگریانه بکرێت که دیاریکراون و هه‌وڵ بدرێت ئه‌و یاسایه نه‌بێته یاسایه‌ک بۆ ڕێگرتن له مافی به‌ده‌ستهێنانی زانیاریه‌کان.
فراکسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌مانی هه‌رێم خاوه‌نی ئه‌و به‌رنوسی یاسایه‌یه.
یه‌کێک له‌و گله و گازه‌ندانه‌ی ڕۆژنامه‌وانان له هه‌رێمی کوردستانی عێراق ده‌یکه‌ن ، نه‌بوونی یاسایه‌که که دان بنێت به مافی ڕۆژنامه‌واناندا تا ده‌ستیان ڕابگات به زانیاریه‌کانیاندا و زۆر جاریش لۆمه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له هه‌رێم کراوه له‌سه‌ر نه‌بوونی ئه‌و یاسایه و ده‌شیانگوت بوونی یاسایه‌کی له‌و شێوه‌یه ده‌بێته هۆی لێدانی به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وانه‌ی موڵک و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بۆ کار و مه‌به‌ستی تایبه‌ت به‌کار ده‌هێنن.
ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌م به‌رنوسی یاسایه له په‌رله‌مانی هه‌رێم په‌سه‌ند کرا چه‌ندێک کاریگه‌ری ده‌بێت به‌سه‌ر ئه‌گه‌ر و نه‌گه‌ری په‌رده‌هه‌ڵماڵین له‌سه‌ر که‌موکوڕیه‌کان و چه‌ندێکیش کاریگه‌ریی ده‌بێت به‌سه‌ر بنه‌بڕ کردن یان ههرهێچ نه‌بێت که‌مکردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی؟
متمانه چییه که ڕۆژنامه‌وانان زانیاری ڕاست و دروستیان ده‌ست بکه‌وێت و به هه‌مان شێوه‌ش ئه‌م یاسایه خراپ به‌کار نه‌هێنرێت؟
له‌گه‌ڵ هاتنه ئارای ئه‌م ناڕه‌زاییه‌ی ئێستا له‌سه‌ر به‌رنوسی ئه‌م یاسای مافی به‌ده‌ستهێنانی زانیاری چه‌ندێک سوود له ڕای شاره‌زایان و پسپۆڕان وه‌رده‌گیرێت به شێوه‌یه‌ک یاساکه له به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا بێت نه‌ک به پێچه‌وانه‌وه؟
ئایا له‌گه‌ڵ ئه‌م ناڕه‌زاییانه‌ی ئێستا به‌رامبه‌ر ئه‌م به‌رنوسه هه‌ن ، ده‌رفه‌ت ماوه بۆ سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی و ئه‌وجا وتووێژ له‌سه‌رکردنی؟
ئایا سزا بۆ لایه‌نی به‌رپرس له‌م به‌رنوسه‌دا دیار کراوه گه‌ر بێتوو به‌نده‌کانی ئه‌و یاسایه جێبه‌جێ نه‌کات؟
وه‌نه‌بێت ڕێگهگرتنهکان له ده‌ستکه‌وتنی زانیاری هه‌ر ته‌نها ڕۆژنامه‌وانی سه‌ربه‌خۆی گرتبێته‌وه به‌ڵکو ڕۆژنامه‌وانی حیزبیش که‌م تا زۆرێک هه‌مان گرفتیان هه‌یه.
ناتوانرێت نکوڵی له گرنگی و به‌های ئه‌م جۆره یاسایانه بکرێت کاتێک باس دێته سه‌ر هه‌بوونی سیسته‌مێکی دیموکراسی که بنه‌ماکانی ئازادی ڕۆژنامه‌وانی تیادا پارێزراو بێت و له هه‌بوونی ئه‌و سیسته‌مه دیموکراسیه‌وه ڕۆژنامه‌وانی ببێته ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م.
له به‌رنامه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی هه‌له‌و واشنتۆندا به‌ڵین ساڵح ئه‌م بابه‌ته‌ی له‌گه‌ڵ میوانه‌کانیدا خستۆته به‌ر باسکردن.
میوانه‌کانی به‌رنامه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی هه‌له‌و واشنتۆن:
عه‌دنان عوسمان ، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستانی عێراق له‌سه‌ر لیستی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان
دکتۆر هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر ، پسپۆڕی ڕاگه‌یاندن له زانکۆی سلێمانی.
ده‌توانن له ڕێی کلیککردنی ئه‌و فایله ده‌نگیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته چه‌پ گوێبیستی ته‌واوی به‌رنامه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی هه‌له‌و واشنتۆن بن که ماوه‌که‌ی 50:00 خوله‌که.