عێراق وڵاتێکی لێوانلێوه له قه‌یران و ناکۆکی و لێکتێنه‌گه‌یشتن. به پێداچوونه‌وه به ڕووداوه‌کانی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا ده‌رده‌که‌وێت ئه‌وه‌ی له فه‌رهه‌نگی نوێی سیاسی ئه‌م وڵاته‌دا جێی نه‌بێته‌وه ده‌سته‌واژه‌ی سه‌قامگیری و ئارامی سیاسییه.
کار له‌م وڵاته‌دا گه‌یشتۆته ئه‌و ڕاده‌یه‌ی هه‌وڵه‌کان له پێناو سڕینه‌وه‌ی یه‌کتریدایه، به تایبه‌تیش له نێوان شیعه و سوننه‌کاندا. ئه‌م دوو پێکهاته‌یه هه‌میشه سێره‌یان له یه‌ک گرتووه و له‌سه‌رپێن بۆ پێکدادان.
له‌م نێوه‌نده‌شدا به‌رده‌وام پێکهاته‌ی کوردی ناوبژی کردووه و به‌غدای پڕ کێشمه‌کێش و ئاڵۆزیی ئارام کردۆته‌وه.
ده‌شێت که‌م تا زۆرێک سه‌ره‌ک وه‌زیره‌کانی عێراق، زاره‌کی و دوور له چاوی میدیاکانه‌وه گوتبێتیان له‌گه‌ڵ داواکانی کورددان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت هیچ یه‌کێکیان نه‌هاتوون ئه‌و داوایانه جێبه‌جێبکه‌ن ، به‌ڵکو به پێچه‌وانه‌وه ڕۆژ به ڕۆژ ناکۆکیه‌کانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له قوڵبوونه‌وه‌دان.
ئێستا کورده‌کان داڵده‌ی جێگره سوننه‌که‌ی سه‌رۆکی عێراقیان داوه، به‌ڵام ئایا ئه‌گه‌ر ئه‌م کێشانه چاره‌سه‌ر کران به‌هۆی ئه‌و ناوبژیه‌ی کورده‌کان ده‌یکه‌ن له نێوان شیعه‌کان و سوننه‌کاندا، ڕێبه‌رانی کۆمه‌ڵگای سوننه دان به مافی کورددا ده‌نێن له عێراقدا ، یان ئایا ئاماده‌ن ده‌ستبه‌رداری دروشمه ئاگرینه‌کانی خۆیان بن له‌سه‌ر که‌رکوک و ناوچه دابڕاوه‌کانی تر؟
متمانه چییه له‌م ناوبژیکردنه‌دا ئاگری شه‌ڕه‌کانی نێوان شیعه و سوننه هه‌رێمی کوردستانی عێراق نه‌گرێته‌وه؟
ئه‌م ناوبژیه‌ی کورده‌کان له ده‌مێکدایه که پشێوی سیاسی ناو ماڵی کوردی گرتۆته‌وه، ناجێگیریه‌کی سیاسی له هه‌رێمی کوردستانی عێراقدا هه‌یه، هه‌ر ئه‌و هه‌رێمه خۆی به کۆمه‌ڵێک گرفتدا ڕه‌ت ده‌بێت، که‌چی هه‌موو هه‌وڵێک ده‌خرێته گه‌ڕ بۆ ئاشته‌وایی نێوان لایه‌نه سیاسیه‌کانی عێراق.
له‌م ناوبژیانه‌دا کورده‌کان چی بۆ هه‌رێمه‌که‌یان ده‌سته‌به‌ر ده‌که‌ن؟
ئایا باشتر نییه کورده‌کان له‌بری چڕ کردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌کانیان بۆ یه‌کخستنه‌وه‌ی ماڵی عێراق، هه‌وڵ بده‌ن ناوماڵی کورد خۆی یه‌کبخه‌نه‌وه و له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی دروست ڕێکیبخه‌نه‌وه؟ ده‌یان کێشه به‌بێ چاره‌سه‌ر ماونه‌ته‌وه، شه‌ڕی ساردی ڕاگه‌یاندنه‌کان به‌رده‌وامه،زمانی هه‌ڕه‌شه کردن و چاو مۆڕ کردنه‌وه و دان لێک جیڕکردنه‌وه باڵی کێشاوه به‌سه‌ر ژینگه‌که‌دا، ئه‌مانه و چه‌ندانی تریش پێویستیان به چاره‌سه‌رکردنی ده‌سبه‌جێی هه‌یه. من نازانم ئێوه هاوڕان له‌گه‌ڵمدا یان نا ، ڕه‌وشی هه‌رێم پێویستی به چاره‌سه‌رکردنی هه‌نوکه‌یی هه‌یه و برینه‌کانی هه‌رێم پێویستی به ساڕێژکردنه، ئه‌وجا ده‌ستی خێرێ بۆ ده‌رگای مه‌سه‌له‌کانی تر درێژ بکرێت.
له ساڵی 2003 وه کورده‌کان ئاماده‌ییان له به‌غدا هه‌یه، به‌ڵام وه‌ک شیکه‌ره‌وه باسی ده‌که‌ن ئاماده‌ییه‌کی شه‌رمنانه‌یه، نه‌ک به‌شداریه‌کی ڕاسته‌قینه له بڕیاره چاره‌نوسسازه‌کاندا، هه‌ر له‌و ده‌مه‌وه کورده‌کان ناوبژی نێوان ئه‌و دوو پێکهاته سه‌ره‌کیه‌ی عێراق ده‌که‌ن ، سه‌رقاڵی قایلکردنیانن بۆ پێکه‌وه ژیانێکی ئاشتیانه له وڵاته‌که‌دا.
هه‌موومان ڕێکه‌وتنی هه‌ولێرمان له یاده، ده‌گوترا ئه‌و ڕێکه‌وتنه گرێکوێره‌کانی قه‌یرانی سیاسی عێراقی کرده‌وه، که‌چی وا نه‌بوو ، هه‌ر خودی ڕێکه‌وتنه‌که بووه گرێیه‌کی تر له ئاڵۆزیه سیاسیه‌کانی وڵاته‌که‌دا.
خۆ سه‌رقاڵ کردن به کێشه‌ی تره‌وه ،وه‌ک چاو‌دێر باسی ده‌که‌ن هیچ مانایه‌ک هه‌ڵناگرێت ته‌نها خۆ دوورخستنه‌وه نه‌بێت له کێشه ڕاسته‌قینه‌کانی خۆت.
به‌ڵێن ساڵح، له به‌رنامه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی هه‌له‌و واشنتۆندا ئه‌م پرسیارانه و ژماره‌یه‌ک پرسیاری تریش له‌گه‌ڵ میوانه‌کانی به‌رنامه‌که‌دا ده‌خاته به‌ر باس.
میوانه‌کانی به‌رنامه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی هه‌له‌و واشنتۆن:
عادل عه‌بدوڵا، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر لیستی هاوپه‌یمانی کوردستانی
دکتۆر سه‌ردار قادر، پسپۆڕی زانسته سیاسیه‌کان له زانکۆی سلێمانی
ده‌توانن له ڕێی کلیککردنی ئه‌و فایله ده‌نگیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته چه‌پ گوێبیستی ته‌واوی به‌رنامه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی هه‌له‌و واشنتۆن بن که ماوه‌که‌ی 49:23 خوله‌که.