گه‌نجێکی به‌ریتانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه له به‌رده‌م دادگا ئاماده‌ده‌بێت دوای ئه‌وه‌ی به تۆمه‌تی کوشتنی پیاوێك تاوانبارکراوه له میانه‌ی شه‌پۆلی ئاژاو‌ه‌کان که هه‌فته‌ی رابردوو به‌ریتانیای گرته‌وه.
کوڕه‌که ته‌مه‌نی 16 ساڵه و به تۆمه‌تی کوشتنی ڕچا‌رد با‌وه‌سی ته‌مه‌ن 68 ساڵ تۆمه‌تبارکراوه که پیاوێکی خانه‌نشینی به‌ساڵاداچوو بوو و به‌هۆی برینی سه‌ری ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ی ڕابردوو گیانی له‌ده‌ستدا پاش ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ئاژاوه‌گێڕان له ڕۆژئاوای له‌نده‌ن هێرشی کرایه سه‌ر.
ئه‌و گه‌نجه به‌هۆی ته‌مه‌نه‌که‌یه‌وه ناوه‌که‌ی تا ئێستا ئاشکرانه‌کراوه بڕیاره ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه له به‌رده‌م دادگای نه‌وجه‌وانان ئاماده ببێت. دایکیشی به تۆمه‌تی ته‌گه‌ره خستنه به‌رده‌م لێکۆڵینه‌وه‌ی پۆلیس تۆمه‌تبارکراوه.
نزیکه‌ی 3 هه‌زار که‌س له سه‌رانسه‌ری وڵاته‌که ده‌ستگیرکراون به‌هۆی به‌شداریکردنیان له ئاژاوه‌گێڕیه‌کانی بوونه هۆی گیان له‌ده‌ستدانی 5 که‌س. نزیکه‌ی نیوه‌ی ده‌ستگیرکراوه‌کان به تۆمه‌تی تاوانه‌کانی په‌یوه‌ندیان به ئاژاوه‌گێڕیه‌که‌وه هه‌یه ده‌ستگیردارون.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه نک کلێگ جێگری سه‌رۆك وه‌زیران پێکهێنانی ده‌سته‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆی ڕاگه‌یاند بۆ لێکۆڵینه‌وه‌کردن له‌سه‌ر هۆی ئاژاوه‌گێڕی و هه‌روه‌ها گوێگرتن له‌و قوربانیانه‌ی به‌هۆی ئاژاوه‌که‌وه زیانیان پێگه‌یشتبوو، هه‌رچه‌ندێکه باسی له ورده‌کاری ئه‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه گشتیـیه نه‌کرد ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی پارتی کارێکارانی ئۆپۆزسیۆن داوایان کرد.
به‌ڕێز کلێگ گوتیشی ئه‌و ئاژاوه‌گێڕانه‌ی تۆمه‌ته‌کانیان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه به جلوبه‌رگی پرته‌قاڵیـیه‌وه به‌م زووانه کاری خاوێنکردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌یان پێده‌که‌ن که به‌هۆی ئه‌و ئاژاوه‌کانه‌وه زیانیان پـێـگه‌یشـتووه.