Accessibility links

لەشکری نەیجیریا دەڵێت ڕێبەری بۆکۆ حەرام بە قورسی برینداربووە

  • VOA News

لەشکری نەیجیریا دەڵێت لە هێرشێـکی ئاسمانی فڕۆکەکانی وڵاتەکەیان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە ڕێبەری بۆکۆ حەرام بە قورسی برینداربووە و ژمارەیەک سەرکردەی ئەم گروپە توندڕەوە کوژراون.

سانی عوسمان گوتەبێژی لەشکر لە بەیانـنامەیەکدا ئەمڕۆ سێشەممە گوتی هێرشەکە ڕۆژی هەینی کرایە سەر حەشارگەی بۆکۆ حەرام لە نێو جەنگەڵەکانی سامبیزا و لە ئاکامدا ئەبو بەکر شیکاو ڕێبەری بۆکۆ حەرام زۆر بە قورسی سەر شانی برینداربووە.

گوتیشی سێ سەرکردەی دیکەی گروپەکە کوژراون، لەوانە ئەبو بەکر موبی و مالام نوهو و مالام هاممان و هەروەها ژمارەیەکیشیان برینداربوون.

جێی ئاماژەیە پـێشتر چەند جارێـک لەشکری نەیجیریا هەواڵی کوشتنی ئەبو بەکر شیکاوی ڕاگەیاندووە، بەڵام دواتر لە ڤیدیۆدا دەرکەوتووە.

ئەم ڕاگەیاندنەی نەیجیریا هاوکاتە لەگەڵ سەردانی جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ ئەو وڵاتە.

جۆن کێری لە شاری سوکوتو وتارێـکی پـێشـکەش کرد و تیایدا گوتی نەیجیریا لە شەڕی دژی بۆکۆ حەرامدا سەرکەوتوو نابێت هەتا حکومەت و لەشکر متمانەی میلـلەت بەدەسـت نەهێنن و هەروەها چارەسەری هۆکارەکان نەکرێن، ئەوانەی پاڵ بە خەڵکیـیەوە دەنێن بچنە نێو کۆمەڵە توندڕەوەکانەوە.

زیاتر لە ساڵێـکە بۆکۆ حەرام بەیعەتی خۆی بۆ داعش ڕاگەیاندووە.

XS
SM
MD
LG