Accessibility links

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە


جێگری سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا جارێکی دیکە بۆ عێراقیـیه‌کانی دووپاتده‌کاته‌وه‌ که‌ وڵاته‌که‌ی پـشتیوانی له‌ عێراق ده‌کات تاوه‌کو سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ستبهێنێت له‌ به‌دیهێنانی وڵاتێـکی دیموکراتی یەکگرتووی فیدراڵ.

جۆ بایدن شەوی چوارشه‌ممه‌ له‌ کۆشکی سـپی پـێشوازی له‌ سه‌لیم ئه‌لجبوری سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عێراق کرد و پاشان کۆبوونه‌وه‌یه‌کی داخراوی له‌گه‌ڵدا سازکرد بۆ تاوتوێکردنی ڕه‌وشی عێراق و ناوچه‌که‌.

ئۆفیسی جێگری سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا به‌یانـنامه‌یه‌کی له‌ باره‌ی کۆبوونه‌وه‌که‌ بڵاوکرده‌وه‌ و تیایدا نووسراوه‌ به‌ڕێز بایدن جه‌ختی کردووه‌ته‌وه‌ سه‌ر وابه‌سته‌یی واشنتن به‌ سه‌رکه‌وتنی عێراق. پاشان ستایشی هێزە‌ ئاسایشیـه‌کانی عێراق و چه‌کدارانی خێڵه‌کی کردووە له‌ بەرامبەر ئازایه‌تی و بوێریان لە ئۆپه‌راسیۆنی ڕزگارکردنی شاری ڕومادیدا.

هەروەها جۆ بایدن و سەلیم جبوری جەختیان کردووەتەوە سەر ئەوەی عێراق پـێویستی بە یارمەتی بەردەوامی نێودەوڵەتی هەیە تاوەکو بتوانێت پـێداویستیـیە مرۆیی و ئابوریـیەکانی دابینبکات بۆ سەقامگیرکردنی وڵاتەکە و کارەکانی سەرلەنوێ بنیادنانەوە.

پاشان هەردوو ڕێبەر پابەندبوونی بەردەوامی وڵاتەکانیان دووپاتکردەوە بۆ لاوازکردن و لەناوبردنی داعش و پـشتگیریکردن لە عێراقێـکی دیموکراتی یەکگرتووی فیدراڵ کە تیایدا خۆشگوزەرانی بۆ هەموو خەڵکی عێراق مسۆگەربێت.

ئۆفیسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەویش بەیانـنامەیەکی هاوشێوەی لەم بارەیەوە دەرکرد، بەڵام لەگەڵیدا نووسیویەتی مەسەلەی چۆنێتی ڕزگارکردنی شاری موسڵیش تاووتوێکراوە.

XS
SM
MD
LG