Accessibility links

خەسرەو حەمە کەریم باس لە سەرسامی ئەوروپایـیەکان بە ڕۆمانەکەی بەختیار عەلی دەکات


ئەگەر یەکەمین گەشتی فەرهەنگی بە جیهانیبوونی رۆمانی کوردی و نوسەری کورد، تەنها وەرچەرخانێکی ئەدەبی و فەرهەنگی بێت لەئاستی جیهان و ناساندن و بایەخێکی فیکری و ئەدەبی بێت بۆ کورد لەناوەندە جیهانییەکاندا بەتایبەتی لە سێ وڵاتی گەورەی ئەوروپادا؛ هاوکات هەنگاوێکی گەورەشە بۆ شکاندنی ئەو بەستەڵەکە فەرهەنگیەی کورد لە چورچێوەیەکی جوگرافی دیاریکراودا.

هەرچەند تا ئەورۆکە چەند رۆمان و کتێب و ئەدەبیاتی کوردی بە زمانە زیندووەکانی دنیا چاپ و بڵاوکراونەتەوە، بەڵام چاپکردن و بڵاکردنەوەی رۆمانی دوایەمین هەناری دنیای بەختیار عەلی لەئاستێکی پرۆفیشناڵ و ئەکادیمیدا توانی وەرچەرخانێکی نمونەیی و چۆنایەتی لەو پەیوەندییە فەرهەنگی و ئەدەبییەدا بخولقێنێت. ئەگەر کورد تەنها لەڕێی کارەساتەکان و قوربانیبوونەوە بە جیهان ناسرا بێت یان وەک هێز و بازووی پێشمەرگەو شەڕڤانانی ئافرەتەوە دژی تیرۆر ناساێنرابێت، بەڵام لە دوای ئەم گەشتەی رۆمانەکەی بەختیار عەلییەوە کورد وەک رۆماننوس و ئەدەبیاتێکی جیاواز بە دنیا دەناسێنرێت.

خەسرەو حەمە کەریم دەرهێنەر و دۆکۆمێنتارساز لەکەڤاڵی ئەم گەشتەدا بووەو لەسات بەساتی ئەم وەرچەرخانەدا دەژی و کاری رژدی لەسەر کردووە. ئاسۆ جەبار لەبەرنامەی تایبەتی ئەم هەفتەیەدا میوانداری کردووە...

خەسرەو حەمە کەریم دەڵێت "ئەم رۆمانە لەریزبەندی پێنج لەباشترین وەشانخانەکانی ئەڵمانیاوە قبوڵکراو ئەوان بڵاویان کردەوە".

هاوکات دەشڵێت "ئەم رۆمانە لەناو رۆژنامە بەناوبانگەکانی ئەڵمانیا و سویسراو نەمسا لەوماوە کورتەدا زۆرترین بابەت لەسەر رۆمانەکەی بەختیار عەلی نوسراوە"

نوسەرێکی گەورەی ئەڵمانی دەڵێت "چۆن تا ئێستا ئێمە ئەم نوسەرە گەورەیەمان لەنزیک خۆمانەوە نەبینیوە".

سەبارەت بە چاپکردنی کتێب لەئەڵمانیا و بایەخی رۆمانەکەی بەختیار عەلی خەسرەو حەمە کەریم دەڵێت "لەڕاستیدا لەئەڵمانیا ساڵانە زیاد لە 300 کتێبی تازە بڵاودەکرێتەوە، ئەمانە هەمویان رۆمان و کتێبی فیکری و ئەدەبیین، تەنها لەئەڵمانیا ئەو ژمارەیە لە کتێب بڵاودەبێتەوە، لەو وڵاتانەی تریش زیاتر، بەڵام ئەگەر کتێب خۆی قورس نەبێت، ئەگەر تێکستەکە خۆی بەهێز نەبێت ناتوانێت جێگای خۆی لەناو ئەو کۆمەڵگەیانەدا بکاتەوە".

خەسرەو حەمە کەریم باس لە شانازییەکی جوانی نەمساوییەکان دەکات سەبارەت بە رۆمانەکەی بەختیار عەلی و دەڵێت "پێشکەشکارەکە لە نەمسا لە کۆڕکەی گراسدا کە دەستی بە کۆڕەکە کرد لەیەکەمین وتەی خۆیەوە دەستیپێکرد و وتی : ئەم ئێوارەیە بۆ یەکەمینجار لەمێژووی شاری گراسدا ئێمە بۆ کوردێک کۆدەبینەوە".

سەبارەت بەوەی کە هۆکارانە چیبوون کە ئەم بایەخە گرنگەی بەرپاکرد بۆ دوایەمین هەناری دنیای بەختیار عەلی، خەسرەو حەمە کەریم دەڵێت "ئەم تێکستە خۆی ئەم دەرگایانەی کردۆتەوە، هەموو ئەم دەرگایانە کە ئێستا سەرەتاکەیەتی بەڕاستی هەمووی جێی دڵخۆشی و گەورەیین بۆ بەختیار عەلی و بۆ ناساندنی کورد لەدەرەوە".

*فۆتۆکان: خەسرەو حەمە کەریم

لەڕێی ئەم بەستەرەوە دەتوانن گوێبیستی تەواوی وتووێژەکە ببن.....

please wait

No media source currently available

0:00 0:23:13 0:00

XS
SM
MD
LG