Accessibility links

چەند چەکدارێـک لە مالی دەیان کەس لە هوتێـلێکدا بە بارمتە دەگرن


چەند چەکدارێـک هەڵیان کوتاوەتە سەر هوتێـلێـکی گەورە لە پایتەختی وڵاتی مالی و دەیان کەسیان لە ناویدا بە بارمتە گرتووە و بەپـێی دوایـین هەواڵ هێزەکانی ئاسایش توانیویانە 80 کەس لە بارمتەکان ئازادبکەن، لەوانە 12 کەسیان کارمەندی هێڵی ئاسمانی فەڕەنسان.

کاربەدەسـتانی ئاسایش لە مالی دەڵێن بەیانی ئەمڕۆ هەینی چەند چەکدارێـک بە ئۆتۆمبیلێک کە پـلێتی ژمارەکەی دیپـلۆماسی بووە خۆیان بە نێو هوتێـلی ڕادیسۆن بلو کردووە لە باماکۆی پایتەخت و نزیکەی 170 کەسیان لە ناویدا بە بارمتە گرت. دەشڵێن 3 کەس کوژراون.

هەتا ئێسـتا ڕوون نیـیە چ گروپێـک لە پشـت هێرشەکەوەیە، بەڵام دەڵێن کاتێـک خۆیان بە هوتێـلەکەدا کردووە هاواری (الله اکبر) یان کردووە و ژمارەیەک لەو بارمتانەیان ئازادکردووە ئەوانەی توانیویانە چەند ئایەتێـکی قورئان بڵێنەوە.

زۆربەی بارمتەکان کەسانی بیانین، لەوانە فەڕەنسی و چینی و هیندی و تورکی. 30 لە بارمتەکانیش کارمەندی هوتێلەکەن.

ئیبراهیم ئەبو بەکر کیتا سەرۆکی مالی کە بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسێـک لە چاد بوو، بە پەلە گەڕاوەتەوە وڵاتەکەی.

هێزێـکی تایبەتی فەڕەنساش بەرەو باماکۆ بەڕێکەوتوون.

XS
SM
MD
LG