Accessibility links

بەحرەین زۆربەی ئەندامانی گروپێـکی شیعە دەسـتگیردەکات

  • VOA News

بەحرەین دەڵێت گروپێـکی شیعەی دژە حکومەتی هەڵوەشاندووەتەوە کە لە پشـت چەند هێرشەکەوە بووە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی بەحرەین ڕایگەیاند ژمارەیەک لە ئەندامانی گروپی سەرایا ئەلئەشتەر ڕۆژی یەکشەممە دەسـتگیرکران کە لە سـاڵی 2012 وە لە لایەن دوو کەسەوە دامەزراوە بە مەبەستی تێـکدانی ئارامی بەحرەین لە ڕێگەی هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئاسایش. گوتیشی دوو کەسەکە ئێسـتا لە ئێرانن.

سـاڵی ڕابردوو بەحرەین ڕایگەیاند سەرایا ئەلئەشتەر و دوو گروپی دیکەی دژە حکومەت ڕێـکخراوی تێرۆرسـتین، ئەمەش لە پاش کوژرانی 2 پـۆلیسی بەحرەین و ئەفسەرێـکی ئیمارات بە تەقینەوەی بۆمبێـک. گروپی ئەلئەشتەر لە ڕێگەی تۆڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەرپـرسیارێتی خۆی لەو تەقینەوەیە ڕاگەیاند.

ئاژانسەکە ناوی 14 کەسی بڵاوکردەوە کە دەڵێت ئەندامی سەرایا ئەلئەشتر بوون کە 12 یان دەسـتگیرکراون، بەڵام دوو دامەزرێنەرەکەی ئەحمەد یوسف سەرحان و جاسم ئەحمەد عەبدوڵڵا لە ئێرانن. گوتیشی ئەم دووانە کارئاسانیـیان بۆ 3 لە ئەندامانی گروپە کردبوو بچن بۆ عێراق و لەوێ لە لایەن حزبوڵڵاوە ڕاهێنانیان پـێکراوە لەسەر چەک و دروسـتکردنی بۆمب و خەڵک بە بارمتەگرتن. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئەو سێ کەسە لە نێو دەسـتگیرکراوەکانن و دانیان بە تاوانەکانیان ناوە.

بەحرەین ئێران تاوانباردەکات بە نانەوەی ئاژاوە لە وڵاتەکەی لە ڕێگەی ئۆپـۆزسیۆنی شیعەوە، بەڵام ئێران نکوڵی لێدەکات و دەڵێت تەنها پشـتیوانی لە مەسەلەی شیعەکانی بەحرەین دەکات کە زۆرینەن لەو وڵاتەدا.

XS
SM
MD
LG