Accessibility links

پەرلەمانتارێکی نەمسا: تورکیا ئەو نەمساویانە دەستگیر و دیپـۆرت دەکات کە ڕەخنە لە ئەردۆغان دەگرن


پـیتەر پیلز، پەرلەمانتاری سەر بە پارتی سەوزی نەمسا
پـیتەر پیلز، پەرلەمانتاری سەر بە پارتی سەوزی نەمسا

یاسادانەرێکی ئۆپـۆزسیۆنی نەمسا دەڵێت 5 هاوڵاتی نەمساوی کە ڕەخنە و توانجیان لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا گرتبوو، لە فڕۆکەخانەکانی تورکیا دەسـتبەسەرکراون و پاشان دیپـۆرتکراون.

پـیتەر پیلز ئەندامی پارتی سەوزی نەمسا ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی 5 حاڵەتەکەی تۆمارکردووە و لە یەکێـکیاندا کاربەدەستێکی تورک بە نەمساویـیەکەی گوتووە لە نەمساوە زانیاریان لەسەر داوە کە ڕەخنەی لە ئەردۆغان گرتووە. هەروەها هاوڵاتیـیەکی دیکەی نەمساویش لە فڕۆکەخانە ڕێگەیان‌پـێگرتووە لەسەر ئەوەی لە مۆبایلەکەی تێکستێـکی ڕەخنەئامێزی لە دژی ئەردۆغان تێدابووە.

لە حاڵەتێـکی دیکەش کاربەدەستێک لە کونسوڵخانەی تورکیا لە ڤیەنـنا بە نەمساویـیەک کە ڕەخنەی لە ئەردۆغان گرتبوو، گوتووە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بڕیاری داوە ڕێگە نەدرێت گەشت بۆ تورکیا بکەیت.

ئەو 5 هاوڵاتیـیە نەمساویـیە لە نێوان یەک بۆ سێ ڕۆژ لە تورکیا دەسـتگیرکرابوون.

پـیتەر پیلز کە دوو لەو پـێنج کەسەی لەگەڵدابوو لە میانەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانیـیەکەدا، ڕووی دەمی کردە نەمساویـیەکان و گوتی" ئەگەر لە نەمسا لێدوانتان لە دژی ئەردۆغان داوە ئەوا ئامۆژگاریتان دەکەم نەچن بۆ تورکیا."

ئەم پەرلەمانتارەی نەمسا هەڵمەتێـکی لە دژی دەسەڵاتدارانی تورکیا دەسـتپـێکردووە و دەڵێت تۆڕێـکی سیخوڕیـیان لە ئەوروپا دروسـتکردووە بۆ بەرژەوەندی ئەردۆغان و ئەو تۆڕە کاردەکات لە ڕێگەی دیپلۆماتانی تورکیا، ئەوانەی بەرپـرسن لە کاروباری ئاینی لە باڵیۆزخانەکانی تورکیا. دەڵێت ئەم تۆڕە چاودێری ئەوانە دەکەن کە ڕەخنە لە ئەردۆغان دەگرن و پاشان زانیاریان لەسەر دەدەن.

لە لایەکی دیکە گوتەبێژێـکی وەزارەتی دەرەوەی نەمسا گوتی 3 هاوڵاتی نەمساوی دەیانەوێت لە تورکیاوە بەرەو نەمسا بگەڕێنەوە ، بەڵام ڕێگەیان پـێنادرێت بە بیانووی پـێشێلکردنی یاساکانی تورکیا. گوتیشی دیارە مەسەلەی سیاسی لە پشتەوەیە. جەختی لەوە کرد حکومەتی نەمسا کار بۆ گەڕاندنەوەیان دەکات.

XS
SM
MD
LG