Accessibility links

ئوسترالیا یاسایەک بۆ ڕێگەگرتن لە تێرۆر پەسەند دەکات


ئوسترالیا ئەمڕۆ پـێنجشەممە یاسایەکی نوێی پەسەندکرد کە ڕێگە بە دەسەڵاتداران دەدات ئەو تاوانکارانەی لەسەر کەیسی پەیوەست بە تێرۆرزم حوکمی زیندانی دراون و ماوەکەیان تەواوکردووە، ئەوا دەتوانن هەر لە زینداندا بیانهێڵنەوە.

بەپـێی یاساکە دەبێت 12 مانگ بەر لە تەواوبوونی ماوەی زیندانی تاوانکارەکە، لایەنە پەیوەندیدارەکان داوای هێشتنەوەی بکەن لە بەندیخانە. پاشان دادگای باڵا بڕیار لەسەری بدات بەوەی ئایا ئەو تاوانکارە ئەگەربێت و ئازادبکرێت مەترسی هەیە تاوانی دیکە ئەنجام بدات یان نا.

وەزیری دادی ئوسترالیا مایکڵ کینان لە بەردەمی پەرلەمان گوتی یاساکە توانای دەزگا ئاسایشیـیەکانیان بەهێزتر دەکات بۆ هێشتنەوەی کەسانێـک لە زیندان کە تاوانی تێرۆرستیان ئەنجامدابوو و هێشتا بیروبۆچونیان گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتبێت. جەختی لەوەش کرد ڕێگە نادەن کەسانێـک لە زیندان ئازادبکرێن کە جێی مەترسی بن بۆ سەر ئوسترالیـیەکان.

هەندێـک ویلایەتی ئوسترالیا هەمان یاسا پـیادەدەکەن لە بەرامبەر ئەوانەی تاوانی سێکسی یان توندوتیژی لە ڕادەبەدەریان ئەنجام داوە.

پارتی سەوز و دەیڤد لیۆنهێلم لیبراڵی دیموکرات لە دژی یاساکەن، دەڵێن ئەمە پـێشێـلکردنی ئازادیـیەکانە و ناکرێت زیندانی هەتاهەتایی بەسەر یەکـێک بسەپێنرێت کە حوکمی بەسەردا نەدرابێت.

XS
SM
MD
LG