Accessibility links

کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی بچووک بەسەر مۆڵێکی بازاڕدا لە ئوستوڕالیا کوژرانی پێنج کەسی لێکەوتەوە


پۆلیسی ئوستوڕالیا ڕایگەیاند پێنج کەس گیانیان لەدەست داوە لە ئەنجامی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی بچووک بەسەر سەربانی مۆڵێکی بازاڕدا دوای ئەوەی لە فڕۆکەخانەیەکی دەرەوەی شاری میڵبۆرن هەستاوە.

ستیڤن لینی یاریدەدەری پۆلیسی ویلایەتی ڤیکتۆریا بە ڕۆژنامەنووسانی وت فڕۆکەکە کێشەیەکی هەبووە لە بزوێنەرەکەیدا و لەئەنجامدا کەوتۆتە خوارەوە بەسەر مۆڵێکدا لە نزیک کۆتایی فڕۆکەخانەی ئێسێندن.

هەروەها شایەتحاڵەکان بە ئەسۆشییەتد پرێسی ئوستوڕالیایان وتووە کاتێک فڕۆکەکە بەر سەربانی مۆڵەکە کەوتووە یەکسەر تەقیوەتەوە.

لینیش وتی " پێنج کەس هەبوون لەناو فڕۆکەکەدا وا دیارە کەسیان ڕزگاریان نەبووە."

هەروەها وتیشی ڕووداوەکە نزیکەی کاژێر 9ی بەیانی ڕوویداوە واتە یەک کاژێر بەرلەوەی مۆڵەکە بکرێتەوە و هەروەها هیچ کەسێکی تر زیانی پێ نەگەیشتووە بێجگە لەوانەی کە لە فڕکەکەدابوون.

وتەبێژێکی خزمەتگوزاری ئاسمانیش وتی رووداوەکە هیچ کاریگەرییەکی نیە لەسەر گەشتەکانی فڕۆکەخانەی میڵبۆرن چونکە فڕۆکەخانەی ئێسێندن تەنها بۆ فڕۆکەی بچووک بووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG