Accessibility links

ئوسترالیـیەک دادگایی دەکرێت بە تاوانی پشـتیوانیکردن لە داعش


کارمەندێـکی تەندروسـتی ئوسترالی دەڵێت ئەو بۆ کاری خێرخوازی بۆ سوریا ڕۆیشتبوو، بەڵام داعش بە زۆر کاری پـزیشکی پێـکردبوو.

ئادەم بروکمان تەمەن 39 سـاڵ ڕۆژی دووشەممە ئەمەی ڕاگەیاند لەو دەمەی ڕاپـێچی بەردەم دادگایەکی شارەکەی (مڵبێرن) لە ئوسترالیا کرا بە تاوانی پـشـتیوانیکردن لە گروپێـکی تێرۆرستی.

ناوبراو بە میدیاکانی گوت بە خواستی خۆی گەڕاوەتەوە بۆ ئوسترالیا و توانیویەتی لە سوریا هەڵبێت پاش ئەوەی متمانەی داعشی بەدەسـتهێنابوو لە ڕێگەی کارکردن لە نەخۆشخانەیەکی ژێر کۆنترۆڵیان لە شاری ئەلبابی پارێزگای حەلەب.

ئادەم لە ماوەی ئامادەبوونی لە بەردەم دادگاکە هیچی نەگوت، بەڵام ڕۆب ستاری پارێزەرەکەی بە دادوەری دادگاکەی گوت ئادەم داوا ناکات بە کەفالەت ئازادبکرێت.

دادوەرەکە لای خۆیەوە بڕیاری دا ئادەم بروکمان بەرەو زیندان بـبرێتەوە هەتا 16 ی مانگی یازدە کە چاوەڕوان دەکرێت داواکاری گشتی هەتا ئەو کاتە کەیسی تۆمەتەکانی ئاڕاستەی ناوبراوی دەکەن تەواوبکات.

جێی ئاماژەیە ئادەم بروکمان سێشەممەی ڕابردوو خۆی ڕادەسـتی دەسەڵاتدارانی تورکیا کرد و لەوێشەوە پـۆلیسێـکی ئوسترالی بەدەسـتگیرکراوی بەرەو سدنی بردەوە.

لە لایەکی دیکەوە، نزیکەی 500 کوردی دانیشتووی ئوسترالیا ڕۆژی یەکشەممە لە هەمان شاری ئادەم بەشداریـیان لە ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنی ئوسترالیـیەک کرد کە تەمەنی 23 سـاڵ بوو و پەیوەندی بە هێزەکانی یەپەگە کردبوو لە سوریا و مانگی ڕابردوو بە تەقینەوەی مینێـک گیانی لەدەسـتدا.

XS
SM
MD
LG