Accessibility links

پارتی ئون سان سوچی سەرکەوتنێـکی مێژووی لە هەڵبژاردنەکانی میانماردا تۆماردەکات


پارتی یەکگرتووی نیشـتیمانی بۆ دیموکراسیی خانم ئون سان سوچی لە میانمار سەرکەوتنێـکی گەورەی بۆ خۆی تۆمارکرد لە هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی یەکشەممەی وڵاتەکەیان.

وین هتین گوتەبێژی پارتەکە ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند ئاماری ئەنجامە سەرەتایـیەکانی دەنگدانەکە لە سەرانسەری میانمار نیشـانی دەدەن پارتی یەکگرتووی نیشـتیمانی بۆ دیموکراسی نزیکەی 70% ی دەنگەکانی بردووەتەوە، ئەمەش بەسە بۆ ئەوەی حکومەت پـێـکبهێنێت. هەروەها گوتی لە ناوچەکانی ناوەڕاستی وڵاتەکە کە زۆربەی دانیشـتوان لەوێن، پارتەکەی 90% ی دەنگەکانی بەدەسـتهێناوە.

ئەگەر بێت و ئەم ڕاگەیاندنەی وین هتین پـشتراستبکرێتەوە، ئەوا پارتی ناوبراو نەک هەر پەرلەمان کۆنترۆڵ دەکات، بەڵکو لەوانەیە پـۆستی سەرۆکایەتیشی بۆ مسۆگەر ببێت.

لەگەڵ ئەوەشدا هێشـتا ئەو هەڵبژاردنە تەواو دیموکراسی نیـیە، چونکە بەپـێی دەسـتوری میانمار 25% ی کورسـیەکانی پەرلەمان بۆ لەشکر دانراون و هەروەها سەرۆکی وڵات نابێت هاوسەرەکەی بیانی بێت یان منداڵی لە کەسێـکی بیانیـیەوە هەبێت، ئەمەش بە مەبەسـتی ڕێگەگرتنە لە خانم ئون سان سوچی لەوەی بـبێت بە سەرۆکی وڵات، بەو پـێـیەی دوو منداڵی لە هاوسەرێـکی بەریتانی هەیە.

سمبوڵی دیموکراسیـیەت لە میانمار خانم ئون سان سوچی ئەمڕۆ دووشەممە پاش سەرکەوتنی پارتەکەی لە هەڵبژاردنەکان بۆ ڕوون بووەوە، داوای لە لایەنگرانی کرد ڕکابەرەکەیان کە نزیکەی نیو سەدەیە حوکمڕانی وڵاتەکەیان دەکات توڕە نەکەن.

هاوکات یو تن ئایە سەرۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی میانمار بە پەیامنێرانی گوت 48 حاڵەتی ساختەکاری لە دەنگدانەکە لە سەرانسەری وڵات تۆمارکراوە.

XS
SM
MD
LG