Accessibility links

وەزیری بەرگری ئەمەریکا باس لە سەرکەوتنی هێزە کوردیـیەکان دەکات و ڕەخنە لە عێراقیـیەکان دەگرێت

  • VOA News

ئاشتۆن کارتەر ستایشی هێزە کوردیـیەکانی لە سوریا و عێراق کرد و گوتی لە سوریا بە هاوکاری لەگەڵ هێزە عەرەبیـیەکان توانیویانە لەم دوایـیانە ناوچەی هۆلێ لە باشوری حەسەکە لە داعش ڕزگاربکەن کە بە لایەنی کەم ڕوبەرەکەی 900 کیلۆمەتر دووجا دەبێت.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە ئەمەی ڕاگەیاند لە بەردەم کۆمیتەی هێزە چەکدارەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا و گوتی وەزارەتەکەی ئامادەیە هێزی زیاتری تایبەتی خۆی بۆ سوریا ڕەوانەبکات.

سەبارەت بە هێزە کوردیـیەکان لە عێراق، ئاشتۆن گوتی ئەوانیش لەم دوایـیە شەنگالیان ڕزگارکرد و ئەمەش بەرەوپـێشـچوونێـکی گەورەیە، چونکە هەردوو شاری سەرەکی موسڵ و ڕەققەی ژێر دەسـتی داعشی لەیەک دابڕیوە.

بەڵام لە بارەی هێزە عێراقیـیەکانەوە، ڕەخنەی خۆی دەربڕی و گوتی تایفەگەرایی و دەستێوەردانی ئێران کاری ئەو هێزانەی قورسکردووە و ئەمەش وایکردووە بەرپـێشچوون لە ناوچە سووننەکانی وەکو ڕومادی خاوبێت.

وەزیری بەرگی ئەمەریکا گوتیشی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی وڵاتەکەی لە دژی داعش هێزی تایبەت ڕەوانەی عێراق دەکات. بەڵام ئاماژەی بۆ قەبارەی هێزەکە نەکرد. گوتی ئەم هێزە یارمەتی هێزەکانی عێراق و پـێشـمەرگە دەدەن لەم شەڕەی دژی داعش.

پاشان گوتی ئەو هێزە بەشداری لە ئەرکە جەنگیـیەکان دەکات، لەوانە هەڵمەتەکانی کە لە ناکاو ئەنجام دەدرێن و ئازادکردنی بارمتەکان و کاری هەواڵگری و دەسـتگیرکردنی ڕێبەرانی داعش. جەختی لەوەش کرد هەموو ئۆپەراسیۆنەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق ئەنجام دەدرێن.

هەروەها ئەو هێزە کار بۆ پاراستنی سنوورەکانی عێراقیش دەکات و تواناکانی هێزە خۆجێـیەکان زیاتردەکات.

XS
SM
MD
LG