Accessibility links

بەرپرسێكى مافى مرۆڤ : ڕێژەى كاركردن بە منداڵان زیادیكردووە


بەهۆى قەیرانى دارایى و ئاوارەبوونى هەزاران خێزان بەهۆى شەڕى نێوان داعش و هێزە عێراقیەكانەوە ، ژمارەیەكى زۆر منداڵ كە بەشێكیان ئاوارەى ناوچە جیاجیاكانى عێراقن، لەسەر شەقام و شوێنە گشتیەكانى هەرێم كار دەكەن و ئەركى بەخێوكردنى خێزانەكانیان لەئەستۆ گرتووە.

لەیلا ئەحمەد ئەندامى تیمى رێكخراوى ئەڵمانى بۆ بەدواداچوونى كێشەكانى ژنان و منداڵان ، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"زۆربەى ئەو منداڵانەى كار دەكەن باوكیان لەژیاندا نەماوە یان نەخۆشە ."

وتیشى"منداڵانى ئاوارە بەشێكى زۆرى ئەو منداڵانە پێكدەهێنن كە كارى قورس دەكەن، چونكە لەخانوى كرێدان و باوكیان فریاى پەیدا كردنى بژێوى ژیان نابێت."

بەپێى یاساى عێراقى لەخوارووى تەمەن 18 ساڵ بە منداڵ هەژمارد دەكرێت و لەیاساشدا كاركردن بە منداڵ بەسەرپێچى لەقەڵەم دراوە ، بەڵام خراپى بارودۆخى ئابورى هەزاران منداڵى بۆ پەیدا كردن بردووەتە سەر شەقامەكان و جێبەجێكردنى ئەو یاسایانەى پەكخستووە.

پەیوەند ئەحمەد كە منداڵێكى تەمەن 10 ساڵانە و رۆژانە نزیكەى 12 كاتژمێر لە ناحیەى رزگارى سنورى گەرمیان سەرقاڵى كاركردنە، وتى"رۆژانە 5 بۆ 10 هەزار دینار لەرێگەى كۆكردنەوەى شتى كۆنە و فرێدراوى ماڵانەوە پەیدا دەكەم و دەیدەمە خۆراك بۆ خێزانەكەم ، چونكە باوكم نیە."

لاى خۆشیەوە خەبات رەشید بەرێوەبەرى مافى مرۆڤى گەرمیان ، بەدەنگى ئەمەریكاىڕاگەیاند"رێژەى كاركردن بە منداڵان لەمساڵدا بەراورد بەساڵانى رابردوو زیادیكردووە."

وتیشى"زۆربەى ئەو منداڵانەى ئیش دەكەن ڕووبەڕووى پێشێلكارى دەبنەوە چونكە كارى قورسیان پێ‌ ئەنجام دەدرێت."

ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكانیش لەراپۆرتەكانیان دا ناوى عێراقیان وەكو یەكێك لەو وڵاتانە بردووە كە تێیدا پێشێلكارى بەرانبەر بە مناڵان لەچوارچێوەى پێشێلكاریەكاندا بەرانبەر بە مافى مرۆڤ ئەنجام دەدرێت.

دەقی ڕاپۆرتەکەی پەیامنێرمان دڵشاد ئەنوەر

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:40 0:00

XS
SM
MD
LG