ڕێبەرانی عەرەب سبەی چوارشەممە بەشداری دەکەن لە 28 هەمین کۆنگرەی کۆمکاری عەرەب کە لە ناوچەی دەریای مردووی ئوردن سازدەکرێت.
لە کۆنگرەی ئەمساڵدا سەرۆک و پاشا و میری 16 وڵاتی ئەندامی کۆمکاری عەرەب بەشداردەبن و ڕێبەرانی 6 وڵاتەکەی دیکە لەبەر هۆکاری جیاجیا ئامادەی نابن.
فوئاد مەعسوم سەرۆکی عێراق ئامادەی نابێت و حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیر سەرۆکایەتی شاندی عێراق دەکات. هەروەها عەبدول عەزیز بۆتەفلیقە سەرۆکی جەزائیر و قابوس بن سەعید سوڵتانی عومان و خەلیفە بن زاید سەرۆکی ئیماراتی عەرەب ئەوانیش ئامادەی کۆنگرەکە نابن.
بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریاش بەشداری ناکات بەهۆی هەڵپەساردنی ئەندامێتی سوریا لە کۆمکاری عەرەب لەوەتای ساڵی 2011 وە.
چاوەڕواندەکرێت لە میانەی کۆنگرەکە وتووێژ لەسەر چەندان بابەتی ناوچەکە بکرێت، لەوانە شەڕی ناوخۆی سوریا و شەڕی دژی داعش لە عێراق و چەند وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە و بارودۆخی ئاسایشی لیبیا و شەڕی یەمەن و مەسەلەی فەڵەستین و قەیرانی ئاوارە و پەنابەران بەهۆی شەڕەکانی ناوچەکەوە.
بەر لە سازکردنی کۆنگرەکە وەزیرانی دەرەوەی عەرەب کۆبوونەوەی خۆیان ئەنجام دا. ئەیمەن ئەلسەفەدی وەزیری دەرەوەی ئوردن ڕۆژی دووشەممە گوتی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتە بەشداربووەکان لەسەر کارنامەی کۆنگرەکە ڕێکەوتوون.