لە دژى دەستگیرکردنى ژمارەیهک لە هاوپـیشەکانیان لە لایەن هێزێکى سەر بە نووسینگەى نورى مالیکى سەرۆک وەزیرانى عێراق، سەرجەم پارێزەرانى موسڵ مانگرتنیان لە کارەکانیان راگەیاند و ئەنجومەن و سەندیکاى پارێزەرانیش هاتنە پاڵ ئەو پارێزەرە مانگرتووانە و بڕیاریان دا کارەکانیان راگرن ههتا ئەو کاتەى گیراوان ئازاد دەکرێن و سنوورێک بۆ ئەو هێزانە دادەنرێت.
هەندێک لەو پارێزەرانەى کە دوێنێ یهکشهممه ئازادکران چیرۆکى دەستگیرکردنیان بۆ دەنگى ئەمهریکا دەگێرنەوە و ئاماژە بەوە دەکەن دەستگیرکردنەکەیان لە شێوەى ڕفاندن بووه.
یەکێک لەو پارێزەرە دەستگیرکراوانە دەڵێت ئەو هێزە بە جلى مەدەنى بوون و دەست و پـێى و چاویان بەستووه و زۆریان لێداوه بە بێ ئەوەى خۆیان بناسێنن.
نوێنەرى سەندیکاى پارێزەرانیش دەڵێت ئێمە و ئەنجومەنى پارێزەران لەم ئهمڕۆوه مانگرتنى تەواو لە کارکردن رادەگەیهنین و داوا لە ئەنجومەنى دادوەرى دەکەین بێنە دەنگ و هەڵوێست وەرگرن، هەروەها داواش لە نووسینگەى نورى مالیکى دەکەین روونکردنەوە بدات و هۆکارى دەستگیرکردنەکان ئاشکرا بکات.
شایەنى باسە لە 27 ى مانگی دوازده لە ناو باڵهخانەى ئەنجومەنى دادوەرى لە موسڵ هێزێک بە جلى مەدەنیـیـهوه هەڵیان کوتایە سەر ژوورى پارێزەران و بەبێ ئەوەى خۆیان بناسێنن ژمارەیهک پارێزەریان دەستگیرکرد، هەندێکیان ئازادکران و هەندێکیشیان تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
دهتوانن گوێبیسـتی دهقی ڕاپـۆرتهكه بن له ڕێـگهی كلیـكـكردنی ئهو فایله دهنـگیـیانهی سهرهوهی دهسته چهپ، ماوهكهی 2:22 خولهكه.