Accessibility links

سه‌ردانی نوری ئه‌لمالیکی بۆ شـاری موسڵ


لە ژێر ڕێوشوێنێکى توندوتۆڵى ئاسایشی و بە ئامادەبوونى وەزیرە کوردەکان سێـیەمین کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیران لە دەرەوەى بەغداى پایتەخت بە سەرۆکایەتى نورى مالیکى سەرۆک وەزیر لە شارى موسڵ دەستیپـێکرد. کۆبوونەوەکە لە کۆشکى سەرۆکایەتى کە بارەگاى فرقەى دووى سوپاى عێراقى لێـیە بەڕێوەچوو.

تیایدا تاووتوێى کێشە و گرفتەکانى ئەو پارێزگایە بە تایبەتیش خزمەتگوزارى و کارەبا و ئاو و قەیرانى نیشتەجێ بوون و دۆسیەى گیراوان و زیان لێکەوتووانى دەستى تیرۆر و کێشەى پارێزگاکە لەگەڵ وەزارەتەکان و ڕەوشى ئاسایشی کرا.

لەگەڵ ئەوەى سەرەتا وه‌ها راگەیه‌ندرا کە وەزیرە کوردەکان و ئەندامانى لیستى برایەتى نەینه‌وا بەشدارى کۆبوونەوەکە ناکەن، بەڵام دواتر سەرجەم وەزیرە کوردەکان و رۆژ نورى شاوه‌یس جێگرى سەرۆک وەزیران بۆ کارو بارى ئابورى بەشداریـیان لەو کۆبوونەوەیەدا کرد. هاوکات و لە میانەى کۆبوونەوەى مالیکى لەگەڵ کەسایەتى سیاسى و عەشائیرى و حکومى ئەو شارەدا ئەندامانى لیستى برایەتى نەینه‌وا هاوشانى ئەندامانى عەرەب لە ئەنجومەنى ئەو پارێزگایە بەشدارى کۆبوونەوەکەى سەرۆک وەزیر بوون.

پـێشتر دەرمان خەتارى وتەبێژى لیستى برایەتى بە دەنگى ئەمه‌ریکاى راگەیاندبوو سەردانى مالیکى بۆ موسڵ و ئەنجامدانى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیران زیاتر ڕەهەندێکى سیاسی هەیە و بۆ راکێشانى راى شەقامە بۆ لاى خۆى نەوەک بۆ پـێشکەشکردنى پرۆژەى خزمەتگوزاریـیه‌ بە تایبەتیش لەم کاتەدا کە لایەنەکانى کورد و لیستى ئه‌لعێراقە و ڕەوتى سەدر نیگەرانن لە شێوازى حکومڕانێتى مالیکى.

بەڵام قاسم ساڵح سەرۆکى لیستى برایەتى نەینه‌وا بە دەنگى ئەمه‌ریکاى راگەیاند ئێمە بە چڕى بەشدارى کۆبوونەوەکەمان کرد و گوتى بابەتى پەیوەست بەو شارە و دوور لە کێشمە کێشمە سیاسیەکان باسکران و سەردانى مالیکیشى بۆ ئەو شارە بە گرنگ وەسف کرد.

لێدوان و تێڕوانینى پارێزگاى موسڵیش بۆ ئەو سەردانەى مالیکى دوو لایەنە بوو، قەحتان سامی گوتەبێژى پارێزگاى موسڵ بە دەنگى ئەمه‌ریکاى ڕاگەیاند ئێمە دوو خوێندنەوەمان بۆ ئەو کۆبوونەوەیەى ئەنجومەنى وەزیران هەیە، یەکەمیان سیاسى و ئیستیفزازى بە تایبەتى لەم ساتە وەختەدا کە قەیرانى سیاسى لە عێراق گەیشتووه‌تە ئاستێکى مەترسیدار، بەڵام دووەمیان ئاسایـیە وەکو ئەنجومەنى وەزیران مافى خۆیەتى لە هەر شارێکى عێراقى کۆبوونەوەى خۆى بکات، بە تایبەتیش خەڵکى موسڵ پێویستیـیەکى زۆرى بە ئاوەڕ لێدانەوە هەیە لە بارەى خزمەتگوزارى.

شایەنى باسە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیران لە شارى موسڵ لەسەر داواى ئەنجومەنى ئەو پارێزگایە بوو. لە 23 ى مانگى دوو نورى مالیکى یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیرانى لە شارى بەسرە سازکرد و دووەم کۆبوونەوەش 8 ى ئەم مانگە لە شارى کەرکوک بوو کە زۆرترین کاردانەوەى لێ کەوتەوە و کاربەدەستانى کوردى هاتنى مالکییان بە سیاسى وەسفکرد. کۆبوونەوەى موسڵیش سێـیەمین کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیرانە کە لە دەرەوەى بەغداى پایتەخت ئەنجام بدرێت.

ده‌توانن گوێبیسـتی ده‌قی ڕاپـۆرته‌كه‌ بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ چه‌پ، ماوه‌كه‌ی 3:49 خوله‌كه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG