Accessibility links

به‌ره‌ی تورکمانی داوا ده‌کات ته‌له‌عفه‌ر بکرێته‌ پارێزگایه‌کی سه‌ربه‌خۆ یانیش بخرێته‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردسـتان

  • Amir Goran

چه‌ند پـۆلیسێـکی شارۆچکه‌ی ته‌له‌عفه‌ر له‌ نزیـک ده‌روازه‌یه‌کی شـارۆچکه‌که‌یان له‌ ئاماده‌باشیدان، (ئه‌رشیفی وێنه‌)

چه‌ند پـۆلیسێـکی شارۆچکه‌ی ته‌له‌عفه‌ر له‌ نزیـک ده‌روازه‌یه‌کی شـارۆچکه‌که‌یان له‌ ئاماده‌باشیدان، (ئه‌رشیفی وێنه‌)

به‌ره‌ی تورکمانی عێراقی (سەرکردایەتى شەرعى) له‌ ته‌له‌عفه‌ر، له‌ دژی دواخسـتنی پـرۆسه‌ی سه‌رژمێری گشتی دانیشـتوانی عێراق، خۆپـیشـاندانێـکیان بۆ به‌رده‌م دیوانی پارێزگای موسڵ سـازکرد.

حسێن ته‌له‌عفه‌ری له‌ به‌شی ڕاگه‌یاندنی به‌ره‌ی تورکمانی بۆ ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا ڕایگه‌یاند ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ ژماره‌یه‌ک له‌ هاوڵاتیانی تورکمان له‌ ته‌له‌عفه‌ر له‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی پارێزگای موسڵ کۆبوونه‌وه‌ و ده‌نگی ناڕه‌زایی‌یان له‌ به‌رامبه‌ر بڕیاره‌که‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای موسڵ به‌رزکرده‌وه‌ له‌سه‌ر دواخسـتنی سه‌رژمێری گشـتی و پاڵپـشـتی خۆیان بۆ ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری له‌ کاتی خۆیدا دووپاتکرده‌وه‌.

حسێن ته‌له‌عفه‌ری گوتیشی خۆپـیشـاندانه‌که‌ که‌ داوایه‌کی جه‌ماوه‌ری نه‌ته‌وه‌یی تورکمان بوو تاوه‌کو ڕێژه‌ی خۆیان له‌ عێراق وه‌کو نه‌ته‌وه‌ی سێهه‌م بزانن. به‌شێـکی تری داواکه‌ی خۆپـیشـانده‌ران ئه‌وه‌ بوو که‌وا ته‌له‌عفه‌ر وه‌کو گه‌وره‌ترین قه‌زا له‌ عێراق و بێ به‌شترین قه‌زا له‌ ڕووی خزمه‌تگوزاریــیه‌وه‌ داوا کرا که‌ له‌ پارێزگای موسڵ جیابکرێته‌وه‌ و بـبێته‌ پارێزگایه‌کی سه‌ربه‌خۆ یانیش ته‌له‌عفه‌ر بخرێته‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردسـتان.

حسێن ته‌له‌عفه‌ری ئه‌وه‌شی گوت هیچ کام له‌ به‌رپـرسـانی موسڵ ئاماده‌ نه‌بوون پـێشـوازی له‌ خۆپـیشـانده‌ران بکه‌ن و یاداشـته‌که‌یان لێ‌وه‌ربگرن، به‌ڵام هێزه‌ ئاسایشیـیه‌کان به‌ زۆر بڵاویان به‌ خۆپـیشـانده‌ران کرد.

شـایانی باسه‌ ئه‌م داوایه‌ی تورکمانه‌کانی ته‌له‌عفه‌ر دوای ئه‌و هه‌ڵوێسـته‌ی پارێزگار و ئه‌نجومه‌نی پارێزگای موسڵ دێت که‌وا له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کیاندا له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین داوای دواخسـتنی پـرۆسه‌ی سه‌رژمێری گشـتی دانیشـتوانیان کردبوو.

به‌ره‌ی تورکمانی عێراقی له‌ ته‌له‌عفه‌ریش بۆ جاری دووه‌مه‌ که‌وا داواکاریـیه‌کی له‌م جۆره‌ ده‌که‌ن که‌وا ته‌له‌عفه‌ر بکرێته‌ پارێزگایه‌کی سه‌ربه‌خۆ یانیش بخرێته‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردسـتان.

XS
SM
MD
LG