ئەو بڕیارەى ئەنجومەنى پارێزگاى موسڵ لە بارەى ڕەتکردنەوە و جێبەجێنەکردنى ماددەى 140 ناکۆکى خستە نێوان ئەندامانى لیستى حەدبا بەو هۆیەشەوە ئەوان بوونە دوو بەش و زیاتر لە نیوەى ئەو ئەندامانەى کە دەنگیان بەو بڕیارە دابوو پاشگەز بوونەتەوە کە زۆربەیان سەربە کوتلەى ئەسیل نوجەیفى پارێزگارى موسڵن، بەڵام کوتلەى عەبدولڵا حەمیدى عەجیل یاوەر. سەرۆکى بزوتنەوەى داد و چاکسازى سوورن لەسەر ئەو بڕیارە و پـێـیان وایە مادەى 140 کۆتایى هاتووە .
بە پێى زانیاریەکانى که دەست دەنگى ئەمهریکاش کەوتوون ئەو هەڵوێستەى ئەندامانى هەردوو کوتلەى داد و چاکسازى و حزبى ئیسلامى عێراقى لە دژى ئەسیل نوجەیفى پارێزگارى موسڵ بووە، ئەویش لە ئەنجامى ئەو لێک نزیکبوونەوەیەى نێوانى و حکومەتى هەرێمى کوردستان دێت.
حاجى حەسەن پـیسـۆ ئەندامى سەربەخۆى ئەنجومەنى پارێزگاى موسڵ کە تەنها ئەو دەنگى بەو بڕیارەى ئەنجومەن نەدابوو، بۆ دەنگى ئەمهریکا دەڵێت پێشنیارەکە لە لایەن ئەندامێکى سەر بە بزوتنەوەى داد و چاکسازى کرا، بەڵام دواى دەنگدان نیوەى ئەندامەکان لەو بڕیارەیان پاشگەز بوونەتەوە کە ئەویش بۆ ناکۆکى نێوان پارێزگارى موسڵ و سەرۆکى بزوتنەوەى داد و چاکسازى دەگەڕێتەوە.
لاى خۆشیەوە قەحتان سامى وتەبێژى پارێزگاى موسڵ سەر بە کوتلەى پارێزگار بۆ دەنگى ئەمهریکا دەڵێت پارێزگار ئەسیل نوجەیفى ئاگادارى ئەو هەڵوێستەى ئەنجومەن نەبووە دەشڵێت ئەمە لە کاتێکدایە کە کێشەکانى موسڵ لەگەل هەرێمى کوردستان بەرەو چارەسەربوون هەنگاوى ناوە ئومێدەواریشە ئەو هەنگاوەى ئەنجومەن کار نەکاتە سەر بەرەو پـێشچوونەکانى نێوان هەردوولا.
دهتوانن گوێبیسـتی دهقی ڕاپـۆرتهكه بن له ڕێـگهی كلیـكـكردنی ئهو فایله دهنـگیـیانهی سهرهوهی دهسته چهپ، ماوهكهی 4:13 خولهكه.