Accessibility links

سێ ڕۆژنامەوانی ئیسپانی لە شاری حەلەبی سوریا بێ سەروشوێن دەبن

  • VOA News

یەکێتی ڕۆژنامەوانانی ئیسپانیا ڕایگەیاند 3 لە ڕۆژنامەوانی ئیسپانی کە سەربەخۆیـیانە کاردەکەن نزیکەی 10 ڕۆژە لە حەلەبی باکوری ڕۆژئاوای سوریا بێ سەروشوێن بوون.

خانم ئێلسا گۆنزالێز سەرۆکی یەکێتی ڕۆژنامەوانانی ئیسپانیا ڕۆژی سێشەممە بە تەلەفیزیۆنی نیشـتیمانی وڵاتەکەی گوت هەریەک لە ئەنتۆنیۆ پامپلیگا و خۆسێ مانۆێل لۆپز و ئەنگێڵ ساسترێ لە 12 ی مانگی حەوتەوە کە لە شاری حەلەب بوون دوا پەیوەندیـیان پـێوە کردوون و پاش ئەوە هیچ هەواڵێـکیان نەزانن.

هاوکات هیچ کەس و لایەنێـک بەرپـرسیارێتی خۆی لە ڕفاندنی ئەم ڕۆژنامەوانانە ڕانەگەیاندووە. بەڵام چەند کەسێـک بە میدیاکانیان گوتووە دوا جار کە بینراون لەگەڵ ئوسامە عەجانی وەرگێڕیان بووە لە گەڕەکی مەعادی و لەوێ ئۆتۆمبیلێـک پـێشی گرتوون و چەند چەکدارێـکی لێ دابەزیوە کە جلوبەرگی شێوازی پاکسـتانیـیان لەبەردبووە و ڕفاندوویانن. هێشـتا هەواڵی ڕفاندنەکە لە لایەن کەسەوە پشـتڕاست نەکراوەتەوە.

جێی ئاماژەیە شـاری حەلەب بەشێـکی لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی حکومەتە و چەند بەشێـکیشی لە ژێر دەسـتی گروپە جیاوازەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریایە.

XS
SM
MD
LG