هه‌واڵه‌کان وا ڕاده‌گه‌یه‌نن که به لا که‌م 10 که‌س له مه‌قادیشۆی پایته‌ختی سۆماڵ کوژراون، هاوکاتی ئه‌وه‌ی هێزه‌کانی یه‌کێتی ئه‌فریکا و حکومه‌تی سۆماڵی له هه‌وڵ و کۆششی پاراستنی گه‌یاندنی کۆمه‌کی خۆراکدان بۆ ئه‌وه‌ی میلیشیاکان له هێرشه‌کانیاندا ده‌ست به سه‌ر ئه‌و کۆمه‌کی خۆراکدا نه‌گرن هاوکات راپۆرته هه‌واڵیـیه‌کان ئاماژه‌ی ئه‌وه ده‌ده‌ن که له میانه‌ی پـێـکدادانه‌که‌ی ئهمڕۆدای نێوان هێزه‌کانی حکومه‌تی سوماڵی یه‌کێتی ئه‌فریقا له نێوان میلیشیاکانی ئه‌لشه‌بابدا 30 که‌س به‌لای که‌م بریندار بوون
له‌و باره‌یه‌وه، گه‌واهیده‌ران ده‌ڵێن کوژراوه‌کان له ئاکامی شه‌ڕ و پێکدادانێکی قورسی ئه‌مڕۆدا گیانیان له ده‌ست دا، واته به ڕۆژێک دوای ئه‌وه‌ی پرۆگرامی خۆراکی جیهانی به فڕۆکه 14 ته‌ن خۆراکی گه‌یانده مه‌قادیشۆ .
وا پێده‌چێت که هێزه‌کانی حکومه‌تی سۆماڵی و هه‌روه‌ها یه‌کێتی ئه‌فریکا له هه‌وڵی ئه‌وه‌دابن کۆنترۆڵی ئه‌و ناوچه‌یه بکه‌ن ئه‌وه‌ی له لایه‌ن گرووپی میلیشیای ئه‌لشه‌بابی سه‌ر به تۆڕی قاعیده ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه. واته ئه‌و میلیشیایانه‌ی که گه‌یاندنی کۆمه‌کی خۆراکی ئاژانسی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان قه‌ده‌غه ده‌که‌ن.
ئه‌وه‌ی شایانی باسه، نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ده‌ڵێت به‌لای که‌م 11 ملیۆن که‌س له قۆچی ئه‌فریکادا پێویستیان به کۆمه‌کی ته‌نگه‌تاوی هه‌یه، به هۆی ئه‌وه‌ی هه‌رێمه‌که به ده‌ست دژوارترین وشکه ساڵیـیه‌وه له ماوه‌ی 60 ساڵی رابردوودا ده‌ناڵێنێت.