Accessibility links

ئەفغانسـتان: مەلا عومەری ڕێبەری تاڵیبان 2 سـاڵ لەمەوبەر مردووە


کاربەدەسـتانی حکومەتی ئەفغانسـتان پشـتڕاستیان کردەوە مەلا عومەری ڕێبەری تاڵیبان پـێش 2 سـاڵ لە پاکسـتان مردووە.

حەسیب سدیقی گوتەبێژی دەزگای زانیاری ئەفغانستان چوارشەممە گوتی مەلا عومەر لە نەخۆشـخانەیەکی شاری کەراچی کەوتبوو و زۆر نەخۆشبووە، پاشان بە شێوەیەکی گوماناوی مردووە.

ئۆفیسی ئەشرەف غەنی سەرۆکی ئەفغانسـتان ئەویش هەواڵەکەی پشـتڕاستکردەوە و گوتی سـاڵی 2013 مەلا عومەر مردووە.

ڕوون نیـیە بۆچی لە ئێسـتادا هەواڵی مەرگی مەلا عومەر ئاشکراکرا کە هەرچەندە پـێشـتر لەوەتای سـاڵی 2001 وە چەندان ڕاپـۆرت لەسەر مردنی هەبوون.

ڕاگەیاندنی هەواڵی مەرگی مەلا عومەری کەسی دۆستی هەرە نزیکی ئەلقاعیدە، ڕەنگە خولی دووەمی وتووێژەکانی ئاشتی نێوان حکومەتی ئەفغانسـتان و تاڵیبان ئاڵۆزبکات کە بڕیارە ڕۆژی هەینی دەسـتپـێدەکات. بەڵام ئۆفیسی سەرۆکی ئەفغانسـتان پـێی وایە ئێستا لە هەموو کاتێـک زیاتر زەمینە لە بارە بۆ سـازکردنی وتووێژی ئاشتی، بۆیە داوا لە هەموو گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆن دەکات ئەم هەلە بقۆزنەوە و بەشداری لە پـرۆسەی ئاشتیدا بکەن.

تەنانەت پاش ڕاگەیاندنەکەی ئۆفیسی سەرۆکایەتی ئەفغانسـتان، گوتەبێژێـکی تاڵیبان بە دەنگی ئەمەریکای گوت مەلا عومەر هێشـتا زیندووە. ئەم لێدوانەی وەها لێکدەدرێتەوە هەوڵێـک بێت بۆ نەهێشـتنی کاریگەری هەرچ ڕاگەیاندنێـک کە ڕەنگە لە دانوسـتاندنەکاندا لە بەرژەوەندی تاڵیبان نەبێت.

XS
SM
MD
LG