Accessibility links

ژمارەیەک چەکداری تاڵیبان هێرش دەکەنە سەر پەرلەمانی ئەفغانسـتان و 30 کەس برینداردەبن

  • VOA News

ژمارەیەک چەکداری تاڵیبان ڕۆژی دووشەممە هێرشیان کردووەتە سەر بینای پەرلەمانی ئەفغانسـتان لە کابولی پایتەخت و لە ئاکامدا 30 کەس برینداربوون و هەموو هێرشبەرەکانیش کوژراون.

هێرشەکە سەرەتا بە تەقینەوەیەکی گەورە لە بەردەم دەروازەی بیناکە دەسـتیپێـکرد و پاشان شەڕە تەقە لە نێوان هێرشبەرەکان و هێزەکانی ئاسایش ڕوویدا.

سدیق سدیقی گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانسـتان ڕایگەیاند 7 چەکداری تاڵیبان کە بۆمبیان لە خۆیان بەسـتبوو هێرشەکەیان ئەنجامدابوو و پاش شەڕە تەقەیەکی 2 کاژمێری هەموویان کوژران.

گوتیشی هیچ پەرلەمانتارێـک زیانی پـێـنەگەیشـتووە، بەڵام کاربەدەسـتانی دیکە دەڵێن بە لایەنی کەم 30 کەس برینداربوون کە سیانیان منداڵن و پـێنجیان ژنن. هەندێـکیان برینەکانیان قورسە.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە کابول بەیانـنامەیەکی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە و تیایدا بە توندی هێرشەکەی سەرزەنشتکرد و بە کارێـکی قێزەوەن لە دژی دیموکراسی و حوکمی یاسا ناودێریکرد.

تاڵیبان لای خۆیەوە بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاند.

XS
SM
MD
LG