Accessibility links

تاڵیبانی ئەفغانسـتان دەڵێت ئامادە بۆ دەسـتکردنەوە بە وتووێژ


گروپی تاڵیبانی ئەفغان دەڵێت ئامادەی دەستبکاتەوە بە وتووێژێـک کە ئاکامی هەبێت بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ بەو مەرجەی تەواوی داواکاریـیەکانی جێبەجێ بکرێن.

لەو بارەیەوە ڕۆژی پـێنجشەممە لە بەیانـنامەیەکدا کە بەشی میدیای تاڵیبان بڵاوی کردەوە، تیایدا نووسراوە بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ ئێمە ئامادەین دەست بە دانوستاندنی بە ئاکام لەگەڵ هەموو لایەنەکانی پەیوەندیدار بکەین.

هاوکات ڕاگەیاندنەکەی تاڵیبانی ئەفغانی ئەوە دووپاتدەکاتەوە کە دەبێت کۆتایی بە هەموو شێوازەکانی داگیرکردنی ئەفغانستان لە لایەن ئەمەریکاوە بهێنرێت و دەوڵەتێکی ئیسلامی لە ئەفغانستاندا دابمەزرێنرێت و هەروەها نابێت هیچ دەستێوەردانێکی دەرەکی لە وڵاتەکەدا بمێنێت. لە درێژەی بەیانـنامەکەدا نووسراویشە کاتێک ئەفغانیـیەکان دەگەنە ئەو بڕوایەی کە داگیرکردنی وڵاتەکە کۆتایی دێت و هێزەکانی بیانی دەکشێنەوە، ئەو کاتە دەشێت بە ئاسانی سەرجەم کێشەکان چارەسەر بکرێن، لە ڕێگەی لێكتێگەیشتن و دیالۆگی نێوان سەرجەم ئەفغانیەکان.

گروپی تاڵیبانی ئەفغانی ڕەخنەی لەو ڕاپـۆرتانەی ئەمەریکاو هاوپەیمانی ناتۆ گرتووە سەبارەت بە درێژکردنەوەی ئەرکی لەشکریان هەتا دوای ساڵی 2016 ، ئەمەش لە ئاکامی کۆنترۆڵکردنی شاری قندوز لە باکوری وڵات بۆ چەند ڕۆژێک لە لایەن چەکدارانی تاڵیبان، دوو هەفتە لەمەوبەر.

XS
SM
MD
LG