وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان دەڵێت لە ئاکامی هێرشێـکی چەکدارانی تاڵیبان بۆ سەر بنکەیەکی لەشکری لە هەرێمی قەندەهاری باشوری وڵاتەکە بە لایەنی کەم 15 سەربازی ئەفغانی گیانیان لەدەسـتداوە.
دەوڵەت وەزیری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان ئەمڕۆ هەینی گوتی شەوی ڕابردوو هێرشەکە کراوەتە سەر ئەو بنکە لەشکریـیە کە لە نزیک ناوچەی شا والی کوتە. گوتیشی جگە لەو 15 سەربازەی کوژراون 5 سەربازی دیکە برینداربوون.
بەڵام کاربەدەسـتێـک لە ناوچەکە بۆ ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پـرێسی ڕاگەیاند 20 کەس لەو هێرشەدا کوژراون.
جێی ئاماژەیە ئەم هێرشە پاش سێ ڕۆژ لە هێرشێـکی هاوشێوە ئەنجام درا کە کرابووە سەر بنکەیەکی دیکە لە هەمان ناوچەدا.