Accessibility links

بەهۆی سێ تەقینەوە لە ئەفغانستان 24 کەس دەکوژرێن


کاربەدەسـتانی ئەفغانسـتان دەڵێن ئەمڕۆ دووشەممە سێ تەقینەوە لە وڵاتەکە ڕوویانداوە و لە ئاکامدا 24 کەس گیانیان لەدەسـتداوە و 42 کەسی دیکە برینداربوون.

تەقینەوەی یەکەم خۆکوژێـک لە کابولی پایتەخت پاسێـکی بچوکی کردە ئامانج کە ژمارەیەک پاسەوانی کۆمپانیایەکی بیانی تێدابوو و هەموویان نیپالی بوون. لە ئاکامدا 14 پاسەوانی نیپالی کوژران و 5 ی دیکەیان و 4 ئەفغانیش برینداربوون.

عەبدولڕەحمان ڕەحیمی سەرۆکی پـۆلیسی کابول سەبارەت بە تەقینەکە گوتی خۆکوژەکە لە نزیک شوێنی پاسەوانەکان بە پـیادە چاوەڕێی کردووە و لەگەڵ دەرکەوتنی پاسەکە خۆی تەقاندووەتەوە. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد ژمارەیەک لە بریندارەکان لە خەڵکی سیڤیلی نێو بازاڕێـکی نزیک شوێنی هێرشەکە بوون.

تاڵیبان لەسەر ئنتەرنێت بەرپـرسیاری خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاند.

پاش چەند کاژمێرێـک، بۆمبێـکی چێنراو لە ناوچەیەکی دیکەی کابول بە ئەندامێـکی ئەنجومەنی پارێزگا تەقیـیەوە و لە ئاکامدا خۆی و 2 پاسەوانی برینداربوون.

لە هەرێمی باداخشانیش لە باکوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە، کاربەدەسـتێـک گوتی بۆمبێـکی چێنراو لە نێو بازاڕێـکی قەرەباڵغی ناوچەی کێشم تەقیوەتەوە و بووە مایەی کوژرانی بە لایەنی کەم 10 کەس و برینداربوونی 30 کەسی دیکە.

عەبدولسەلام پەیمان سەرۆکی ناوچەی کێشم بۆ دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند تەقینەوەکە لە کاتی گەرمەی بازاڕەکەدا بووە لە دەمی بەیانیدا، باسی لەوەش کرد ژمارەیەک لە قوربانیـیەکان منداڵ بوون.

XS
SM
MD
LG