Accessibility links

تاڵیبان بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشی سەر ڕێستورانتەکەی کابول ڕاگەیاند

  • VOA News

ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو ئەمڕۆ هەینی بە ڕێستورانتێکـی فەڕەنسایی ناودار لە کابولی پایتەختی ئەفغانسـتان تەقیـیەوە و تاڵیبان بەرپـرسیارێتی خۆی لێ ڕاگەیاند. کاربەدەستان دەڵێن بەهۆیەوە 4 کەس برینداربوون و زیانێـکی ماددی زۆر بە ڕێستورانتەکە کەوتووە.

فەرەیدون عوبەیدی سەرۆکی بەشی لێکۆڵینەوەی تاوان لە پـۆلیسی کابول بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت ئەوان دەتوانن پشـتڕاستی بکەنەوە خۆکوژێـک ئۆتۆمبیلە بۆمبڕێژکراوەکەی تەقاندووەتەوە بە ڕێستورانتی لۆ گاردەن کە خاوەنەکەی ئەفغانیـیە.

ڕێستورانتەکە دەکەوێتە ناوچەی قەڵای فەتحوڵڵا، ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە باڵیۆزخانەی وڵاتان و ئۆفیسەکانی حکومەتی لێـیە.

زەبیحوڵڵا موجاهید گوتەبێژی تاڵیبان لەسەر تویتەر بەرپرسیارێتی گروپەکەی لە هێرشەکە ڕاگەیاند و گوتی ژمارەیەک بیانی بەو هێرشە خۆکوژیـیە کوژراون یان برینداربوون.

جێی ئاماژەیە هێرشەکە پاش ڕۆژێـک کرا، لەوەی ئەفغانسـتان ڕایگەیاند لە 11 ی مانگی یەک وتووێژی چوار قۆڵی لە پاکستان ئەنجام دەدرێت بە مەبەستی هەنگاونان بەرەو دانوسـتاندنی ئاشتی لەگەڵ بزوتنەوەی تاڵیباندا.

XS
SM
MD
LG