Accessibility links

کاربەدەستان: بۆمبە گەورەکەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان 36 چەکداری داعشی کوشتووە

  • VOA News

وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان دەڵێت بۆمبە گەورەکەی دوێنێ پـێنجشەممە ئەمەریکا بۆ وێرانکردنی تونێلێـکی داعش لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان بەکاریهێنا، بووە مایەی کوژرانی بە لایەنی کەم 36 چەکداری داعش.

دەولەت وەزیری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان ئەمڕۆ هەینی ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی بۆمبەکە کە کۆمەڵە تونێلێـکی داعشی کردە ئامانج لە چیاکانی "مۆمەند درە" لە ناوچەی ئاچینی ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان، هیچ زیانێـکی بە خەڵکی سیڤیل نەگەیاند. گوتیشی زیانەکان تەنها بە مۆڵەگەکە گەیشتووە کە داعش وەکو ناوەندێک بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەکانی هەرێمەکە بەکاری دەهێنا.

ئۆفیسی سەرۆکایەتی ئەفغانستان ئەویش لای خۆیەوە لە بەیانـنامەیەکدا گوتی هێرشەکە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێـکی هاوبەشی لەشکری ئەفغانی و نێودەوڵەتی ئەنجامدرا، وە هەماهەنگی لە نێوان هێزە ئەفغانی و بیانیـیەکان کرابوو تاوەکو زیان بەر خەڵکی سیڤیل نەکەوێت.

ئیسماعیل شینواری فەرمانڕەوای ناوچەی ئاچین بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت " ئەمە گەورەترین تەقینەوە بووە کە لە ژیانمدا بینیومە."

کەسێـکیش لە گوندێـکی ناوچەکە کە 5 کیلۆمەتر لە شوێنی هێرشەکەوە دورە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوتووە تەقینەوەکە زۆر بەهێزبووە، بەڵام زیانی بە گوندەکەیان نەگەیاندبوو.

گوندنشینێکی دیکە بە ناوی ڕاز محەمەد ئەویش گوتویەتی چەکدارەکانی داعشی ئەو شوێنە لە عەرەب و پاکستانی و چینی و ئەفغانی پـێکهاتوون و پـێشتر بۆ شت کڕین بۆ گوندەکەیان هاتوون.

ناوچەی ئاچین دەکەوێتە هەرێمی نەنگرهاری نزیک سنووری پاکستان و لە ساڵی 2015 وە داعش لەوێوە لە ئەفغانستان پەیدابوو.

کاربەدەسـتانی ئەمەریکا بە ڕۆیتەرزیان گوتووە لە سەردەمی براک ئۆباما سەرۆکی پـێشووەوە ئەم جۆرە بۆمبە یەکێک بووە لەو چەکانەی شیانی بەکارهێنانی لە ئەفغانستاندا هەبوو.

بۆمبەکە نزیکەی 8500 کیلۆگرام ماددەی H6 ی تێدایە کە تەقەمەنیـیەکی بەهێزە و ئەو بڕە یەکسانە بە 11 تۆن لە مادەی TNT .

سەرۆک ترامپ پاش هێرشەکە گوتی کارێکی زۆر زۆر سەرکەوتووبوو.

XS
SM
MD
LG