Accessibility links

ڕۆژنامەوانێـکی ئەمەریکایی و وەرگێڕەکەی لە ئەفغانسـتان دەکوژرێن


ڕۆژنامەوانێـکی خاوەن ئەزمونی ئەمەریکایی و وەرگێڕە ئەفغانیـیەکەی ڕۆژی یەکشەممە لە ئەفغانسـتان کوژران کاتێـک لەگەڵ هێزێـکی لەشکری ئەفغانی لە ناوچەیەکی هێلمەند لە باشوری وڵاتەکە بە ئۆتۆمبیل دەڕۆیشتن.

ڕادیۆی National Public Radio ناسراو بە NPR هەواڵەکەی ڕاگەیاند و گوتی دەیڤد گیلکی ڕۆژنامەوانی وێنەگر و وەرگێڕکەی زەبیحوڵڵا تەمەنا لە هێرشەکە گیانیان لەدەسـتداوە، بەڵام دوو ڕۆژنامەوانی دیکە کە ئەوانیش بۆ ڕادیۆکەیان کاردەکەن، لەگەڵیان بوون لە ئۆتۆمبیلێـکی دیکەدا، زیانیان پـێنەگەیشتووە.

لە لایەکی دیکە گوتەبێژی فیرقەی 205 ی ئەفغانی بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوتووە دەیڤد و زەبیحوڵڵا لە ئۆتۆمبیلێـکی جۆری هەمڤی لەشکری ئەفغانیدابوون لەسەر ڕێگای نێوان شاری مورجە و شاری لەشکرگای ناوەندی هەرێمی هێلمەند و کەوتوونەتە بۆسەیەکی تاڵیبانەوە و موشەکێـکیان بەرکەوتووە. گوتیشی بەرەبەیانی لە کاژمێر نزیکەی 2:30 ی بە کاتی خۆجێی ڕووداوەکە بووە و لەگەڵیاندا شۆفێری ئۆتۆمبیلەکە کە سەربازێـکی ئەفغانی بوو ئەویش گیانی لەدەسـتداوە.

پاشان ڕادیۆکە باسی لە دەیڤد گیلکی کرد کە تەمەنی 50 سـاڵ بوو، گوتی بە درێژایی 15 سـاڵی ڕابردوو ڕووماڵی شەڕ و قەیرانەکانی کردووە لە چەند شوێنی پـڕکێشەی جیهان. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە یەکێـک بووە لەو ڕۆژنامەوانانەی دوای هێرشەکانی 11 ی سێپتەمبەر ساڵی 2001 چووبێتە ئەفغانستانەوە. هەروەها لە نێوان هەردوو ساڵی 2008 و 2009 ڕوماڵی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسی کردووە لە کەرتی غەززە و لە سەرەتای ساڵی 2010 کاتێـک بومەلەرزە بەهێزەکە لە هایتی دا، گەیشتە ئەوێ بۆ ڕوماڵکردنی ئاکامی کارەساتەکە و هەوڵەکانی فریاگوزاری.

دەیڤد گیلکی بە یەکێـک لە باشترین ڕۆژنامەوانە وێنەگرەکان لە جیهان دادەنرا و چەندان خاڵاتی لەسەر کارەکانی وەرگرتووە، لەوانە هەردوو خەڵاتی George Polk وEmmy .

XS
SM
MD
LG