سه‌رۆکی ئه‌فغانستان حامد کارزایی ده‌ڵێت وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و هێزه بیانیـیه‌کانی دیکه وتووێژی له‌گه‌ڵ تاڵیباندا ده‌که‌ن به مه‌به‌ستی ئه‌گه‌ری ڕێکه‌وتن بۆ کۆتایی هێنان به‌و شه‌ڕه‌ی نزیکه‌ی 10 ساڵه له ئه‌فغانستان به‌رده‌وامه.
سه‌رۆك کارزایی گوتی هێزه بیانیـیه‌کان و به تایبه‌تی ئه‌مه‌ریکا وتووێژه‌کان ده‌که‌ن.
ئه‌م ڕاگه‌یاندنه‌ی به‌ڕێز کارزایی که ڕۆژی شه‌ممه له میانه‌ی کۆنگره‌یه‌کی ڕۆژنامه‌وانی له کابولی پایته‌خت هات، بڕوا ده‌کرێت یه‌که‌م لێـدوانی فه‌رمی بێت سه‌باره‌ت به به‌شـداریکردنی ئه‌مه‌ریکا له‌و جۆره دانوسـتاندنانه.
باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریکا له کابول له‌سه‌ر ئه‌م ڕاگه‌یاندنه‌ی به‌ڕێز کارزایی لێدوانی ده‌ستبه‌جێی ڕه‌تکرده‌وه.
زووانێکی ئه‌م هه‌فته‌یه سه‌رۆکی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا باراك ئۆباما له‌گه‌ڵ د‌یڤید په‌تره‌یه‌س گه‌وره فه‌رمانده‌ی هیزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له ئه‌فغانستان کۆبووه‌وه، به مه‌به‌ستی تاووتوێکردنی پلانی کشانه‌وه‌ی کۆتایی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌و وڵاته.
گوته‌بێژی کۆشکی سپی گوتی ژماره‌یه‌کی زۆری بژاره‌یان تاووتوێکردووه.
به‌ڕێز ئۆباما داوایکردووه هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له مانگی حه‌وته‌وه ده‌ست به کشـانه‌وه له ئه‌فغانسـتان بکه‌ن، هه‌روه‌ها دایناوه هه‌تا کۆتایی سـاڵی 2014 هه‌موو هێزه جه‌نگیـیه‌کانیش ئه‌و وڵاته جێبهێڵن.