Accessibility links

وردەکارى گفتوگۆى نێوان حەیدەر عەبادى و فەرماندەکانى پێشمەرگە لە کەرکوک


وێنەی ئەرشیف

وێنەی ئەرشیف

حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیرانى عێراق سەردانى کەرکوکى کرد و لەگەڵ فەرماندە سەربازیەکانى هێزى پێشمەرگەدا لەبارەى کۆنترۆڵکردنەوەى حەویجەوە گفتووگۆى کرد ، بەڵام جگە لە لێتکترتێگەیشتن هیچ رێکەوتنێک لەنێوانیان دا ئەنجام نەدرا.

کەمال کەرکوکى فەرماندەى میحوەرى رۆژئاواى کەرکوکى پێشمەرگە، ئاماژەى بەوەکرد بەحەیدەر عەبادیان راگەیاندووە، کە ئەوان رازى نابن حەشدى شەعبى و هیچ هێزێکى ترى عێراقى لەسنورەکانى پێشمەرگەوە هێرش بکاتە سەر حەویجە، وتى"بەجەنابى حەیدەر عەبادیمان وت کە هەر هێزە و با لەسنورى خۆیەوە هێرش بکات ، ئێمەى پێشمەرگەش خۆمان لەناوچەکانى خۆمانەوە دەست بەهێرش دەکەین."

کەمال کەرکوکى ، وتیشى"پێشتر عەبادیان بەهەڵە تێگەیاندوە ، بەڵام کاتێک بەئامادەبوونى پارێزگارى کەرکوک مەسەلەکەمان بۆ روونکردەوە بەئاسایى وەرى گرت."

حەیدەر عەبادى دواى تەواو بوونى کۆبونەوەکەى لەگەڵ فەرماندە سەربازیەکانى پێشمەرگەدا لەمەکتەب خالیدى کەرکوک ، سەردانى گوندى بەشیرى شیعەنیشین ى باشورى کەرکوکى کرد و دواتر بەرەو دیوانى پارێزگا بەرێکەوت.

دواى جێهشتنى مەکتەب خالید لەلایەن عەبادیەوە ، داعش 3 گولە هاوەنى ئاراستەى ئەو ناوچەیە کرد بەڵام گولە هاوەنەکان هیچ زیانیکى گیانى و مادیان بەدواوە نەبوو.

نازم کەهیە ئەندامى ئەنجومەنى ناحیەى تازە خورماتو، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"مەبەستى عەبادى لەچوونە گوندى بەشیر تەنها بۆ ئەوە بوو تا ناوچەکە لەنزیکەوە ببینێت ، ئەگینا باسى هێرشى حەویجە نەکرا."

هەرچەندە حەیدەر عەبادى لەکاتى بەسەرکردنەوەى فەرماندەکانى پێشمەرگەدا جەختى لەسەر کۆنترۆڵکردنەوەى حەویجە کردەوە لەنزیکترین کات دا ، بەڵام بەوتەى فەرماندەکان هیچ رێکەوتنێک لەنێوان پێشمەرگە و حەشد بۆ ئەنجامدانى هێرشى هاوبەش نەکراوە.

هاوکات لەگەڵ ناکۆکى نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر چۆنیەتى هەماهەنگى نێوانیان بۆ گرتنەوەى حەویجە، عەرەبى سونەى کەرکوکیش داواى بەپەلە ئازادکردنى ئەو قەزایە دەکەن بەو پێیەى خەڵکەکەى لەدۆخێکى مرۆیى خراپدان.

وەستا رەسوڵ فەرماندەى میحوەرى باشورى کەرکوکى پێشمەرگە، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"رێککەوتووین حەویجە رزگار بکەین."

دەربارەى کاتى هێرشەکە و چۆنیەتى رێککەوتنەکە، ناوبراو وتى" لە کاتى خۆیدا قسەى لەسەر دەکەین."

باکور و رۆژئاواى کەرکوک لەژێر کۆنترۆڵى هێزەکانى پارتى دایە کە ئەوان بەهەموو شێوەیەک رۆیشتنى حەشد و سوپاى عێراق بۆ ناوچەکانیان رەتدەکەنەوە ، بەڵام میحوەرى باشور لەژێر کۆنترۆڵى فەرماندەکانى یەکێتى دایە و ئەوان تەنها لەگەڵ سوپاى عێراق و هێزە ئەمنیە عێراقیەکان لەیەکتر تێگەیشتنیان هەیە.

XS
SM
MD
LG