وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی چڕكردنه‌وه‌ی یۆرانیۆمی تارانی كردووه ئه‌گه‌ر هاتوو ووتوێژه‌كانیان له‌گه‌ڵ ووڵاته ئه‌وروپیه‌كاندا سه‌رنه‌كه‌وێت.
كه‌مال خه‌رازی ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر هه‌ردوو لایه‌ن نه‌ته‌وانن كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن ئه‌وا ئه‌و كاته ئێران هیچ بژارێكی تری نابێت و ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت كه به‌رنامه‌ی زاخكردنه‌وه‌ی یۆرانیۆم ده‌ست پێ بكاته‌وه.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ووڵاته یه‌کگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر ئه‌و ڕاگه‌یاندنه نه‌بووه، به‌ڵام گوتویه‌تی كه‌وا له پشتگیری كردنیان بۆ ووتوێژه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن.
به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا كه ئه‌مه‌ریكاش پشتیوانیان لێ ده‌كات، ده‌یانه‌وێت ئێران به شێوه‌یه‌كی هه‌تا هه‌تایی واز له به‌رنامه‌ی زاخكردنه‌وه‌ی یۆرانیۆم بهێنێت كه له وانه‌یه بۆ دروستكردنی چه‌كی ناوه‌كی به‌كاربهێنرێت. تاوه‌كو ئێستاش تاران ئه‌و داوایه‌ی ره‌ت كردۆته‌وه.
ڕووسیاش ڕازی بووه به‌وه‌ی كه هه‌موو ووزه ناوه‌كیه پرۆسه‌كراوه‌كانی تاران وه‌ربگرێته‌وه تاوه‌كو له دروستكردنی چه‌كدا به‌كار نه‌هێنرێت.
به‌ڵام سه‌رۆكی ڕووسی ڤلادمیر پوتن كاتێك ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه سه‌ڕدانی ئیسرائیلی كرد گوتی بوونی سووته‌مه‌نی ناوه‌كی به ته‌نها مانای ئه‌وه نیه به‌رنامه ئه‌تۆمیه‌كه‌ی تاران بۆ مه‌به‌ستی ئاشتیخوازانه‌یه...له‌به‌ر ئه‌وه، ئێران ده‌بێت ڕێگه به پشكنینی ناوه‌كی بدات.