هێرشبه‌رێكی خۆکوژ له ناوچه‌یه‌کی بازرگانی شاری حلله ی باشوری به‌غدا خۆی ته‌قاندۆته‌وه و له ئه‌نجامدا زیاتر له 100 که‌س کوژراوه و زیاتر له 130 که‌سیش بریندار بووه. به‌شی زۆری قوربانیه‌کان خه‌ڵکی سیڤیڵ بوون و بۆ داواکردنی ئیش له‌و ناوچه‌یه‌دا کۆبوبونه‌وه.
هێرشبه‌ره‌که له ناو ئۆتۆمبیله‌که‌ی و له نزیک قه‌ره‌باڵغیه‌کی زۆردا خۆی ته‌قاندۆته‌وه. ئه‌و خه‌ڵکه‌ش له به‌رده‌م ناوه‌ندێکی پزیشکیدا وه‌ستابوون بۆ ده‌ستکه‌وتنی ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی که بۆ وه‌رگرتن له کاری حکومی پێویسته و له‌و لاشیه‌وه، ناوچه‌یه‌کی بازرگانی پڕ له خه‌ڵکی بوو که ده‌یان دوکانی سه‌وزه و میوه‌هاتی لێیه.
ده‌یان ته‌رمی قوربانی له نزیک شوێنی ته‌قینه‌وه‌که بینراوه که ته‌نها 95 کم له باشوری به‌غداوه دووره. به‌هۆی زۆری ژماره‌ی قوربانیه‌کانیش، نه‌خۆشخانه‌ی حلله داوای به‌خشینی خوێنیان له خه‌ڵکی کردووه. پز‌یشکه‌کانی به لایه‌نی که‌مه‌وه سێ شاری ده‌وروبه‌ریش به خێرایی گه‌یشتنه شوێنی ڕووداوه‌که تاوه‌کو یارمه‌تی بۆ قوربانیه‌کان دابین بکه‌ن.
یاخیبوان هه‌میشه هێرش ده‌که‌نه سه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ی که پشتگیری له حکومه‌تی کاتی یاخود سه‌ربازه‌کانی هاوپه‌یمانان له عێراق ده‌که‌ن. ئه‌م ته‌قینه‌وه‌یه‌ی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ش به خوێناوی‌ترین هێرشی یاخیبوان له عێراق داده‌نرێت، هه‌ر له‌و کاته‌وه‌ی که کۆتایی هاتنی شه‌ڕ له ووڵاته‌که‌دا ڕاگه‌یه‌ندراوه.