Accessibility links

سه‌رۆک بوش پۆستی نوێی به‌ڕێوبه‌ری ده‌زگای زانیاری نیشتمانی به‌ جۆن نیگرۆپۆنتێی باڵیۆزی ووڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌ عێراق داوه‌ - 2005-02-17


سه‌رۆک بوش پۆستێکی نوێی به‌ جۆن نیگرۆپۆنتێی باڵیۆزی ووڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌ عێراق داوه‌ که‌ ئه‌ویش پۆستی نوێی به‌ڕێوبه‌ری ده‌زگای زانیاری نیشتمانی یه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌ست نیشانکردنه‌ی سه‌رۆک له‌ لایه‌ن سیناته‌وه‌ قبوڵ بکرێت، ئه‌وا دیپلۆماتی دێرینی ئه‌مه‌ریکی چاودێری بوجه‌ و کاری 15 ده‌زگای زانیاری حکومه‌تی ئه‌مه‌ریکا و چه‌ند کارێکی دیکه‌ ده‌کات.

جۆن نیگرۆپۆنتێ هه‌تاوه‌کو ئێستا پۆستی دیپلۆماتی باڵای له‌ هه‌شت ووڵاتی جیهانی له‌ سێ کیشوه‌ردا هه‌بووه‌، دواهه‌مینیان نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و عێراق بووه‌. سه‌رۆک بوش ده‌ڵێت به‌ڕێز نیگرۆپۆنتێ له‌ پێداویستی ئه‌مه‌ریکا بۆ زانیاری جیهانی تێده‌گات چونکه‌ به‌شی زۆری ژیانی له ووڵاتانی ده‌ره‌وه‌دا بردۆته‌ سه‌ر.

ئه‌رکه‌کانی ئه‌و به‌ڕێوبه‌ره‌ش ئاشکرایه‌ و داخوازییه‌کانی سه‌رۆک بوش جێبه‌جێده‌کات که‌ سه‌رۆک ده‌ڵێت" ده‌بێت جۆن دڵنیا بێت له‌وه‌ی که‌ ئه‌و که‌سانه‌ی به‌رپرسیارن له‌‌ به‌رگریکردن له ئه‌مه‌ریکا، زانیاری پێویستیان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاری پێویست و ڕاست بده‌ن."

به‌ڕێز نیگرۆپۆنتێ ئه‌م ده‌ست نیشانکردنه‌ی سه‌رۆکی قبوڵ کرد و گوتی دابین کردنی زانیاری موخابه‌راتی ڕاست و له‌ کاتی خۆیدا بۆ ڕێبه‌رانی ووڵاته‌که‌، کارێکی گرنگه. به‌ڕێزی گوتیشی" من سوپاسی ئه‌و باوه‌ڕی و متمانه‌یه‌ ده‌که‌م که‌ به‌ منتان به‌خشیوه‌ بۆ جێبه‌جێکردنی گرفتاویترین یاخود گرانترین ئه‌رکی سه‌رشان که‌ له‌ ماوه‌ی 40 ساڵی خزمه‌تمدا له‌ ناو حکومه‌ت به‌جێم هێنا بێت."

بیرۆکه‌ی دامه‌زراندنی پۆستی به‌ڕێوبه‌ری ده‌زگای زانیاری نیشتمانی دوا به‌ دوای ئه‌نجامدانی ئه‌و لێکۆڵینه‌وانه‌ هات که‌ له‌سه‌ر هێرشه‌ تیرۆرستیه‌کانی یانزده‌ی سه‌پته‌مبه‌ری ساڵی 2001 بۆ سه‌ر ئه‌مه‌ریکا ئه‌نجامدران. کۆنگرسیش ئه‌م بیرۆکه‌یه‌ی قبوڵ کردبوو به‌و هیوایه‌ی ڕێگه‌یه‌ک بێت بۆ باشتر ڕێکخستنی چالاکی ده‌زگاکانی زانیاری ئه‌مه‌ریکا.

XS
SM
MD
LG