Accessibility links

عه‌للاوی بانگه‌شه‌ی یه‌كگرتنی ڕیزه‌كانی گه‌لی عێراقی و به‌لاوه‌دانی هه‌موو جیاوازییه‌كانی نێوانیان ده‌كات - 2005-01-31


سه‌رۆك وه‌زیری كاتی عێراقی ئه‌یاد عه‌للاوی ده‌ڵێت هه‌ڵبژاردنه‌ نیشتمانیه‌كانی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ گورزێكی گه‌وره‌ بوو له‌ یاخیبوان درا و عێراقیه‌كان جیاوازییه‌كانی نێوان خۆیان به‌لاوه‌ ناوه‌ و پێكه‌وه‌ بۆ هێنانه‌ كایه‌وه‌ی ئاشتی و داهاتوویه‌كی باشتر كار ده‌كه‌ن.

به‌ڕێز عه‌للاوی له‌ ماوه‌ی ووتارێكی ته‌له‌فزیۆنیدا گوتویه‌تی عێراق ده‌چێته‌ ناو سه‌رده‌مێكی نوێ و داوای له عێراقیه‌كان كرد كه‌وا به‌شداری له‌ سه‌ركه‌وتنی ووڵاته‌كه‌یاندا بكه‌ن گه‌رچی به‌شداریشیان نه‌كردبێت.

به‌ڕێز عه‌للاوی گوتیشی حكومه‌تی كاتی عێراقی له‌ به‌ڕێوه‌بردنی كاره‌كانیدا به‌رده‌وام ده‌بێت هه‌تاوه‌كو 275 ئه‌ندامی نوێی هه‌ڵبژێراوی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی سه‌ركردایه‌تیه‌كی نوێ ده‌ستنیشان ده‌كات.

هاوكاتیش، بۆ دڵنیا كردنه‌وه‌ی موسوڵمانه‌ سوونیه‌كان له‌ به‌شداریكردنی هه‌موو عێراقیه‌كان له‌و حكومه‌ته‌ نوێیه‌دا، به‌ڕێز عه‌للاوی به‌ڵێنیدا به‌ ده‌ستپێكردنی مشتومڕێكی سه‌رانسه‌ری به‌ بوونی‌ زمانێكی تێگه‌یشتوانه‌.

براوه‌كانی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كی دیكه‌ش نازانرێت. كاربه‌ده‌ستانی هه‌ڵبژاردن ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ گوتویانه‌ خولی یه‌كه‌می بژاردنی ده‌نگه‌كانی ناوخۆ ته‌واو بووه‌ و خولی دووه‌م ده‌ست پێده‌كات.

كۆمیته‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش باوەڕده‌كه‌ن هه‌شت ملیۆن كه‌س واته‌ له‌سه‌دا 60 ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ مافی ده‌نگدانیان هه‌بوو ده‌نگیان داوه‌. هاوكاتیش ئه‌و ڕێكخراوه‌ی سه‌رپه‌رشتی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات ده‌كرد، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ گوتویه‌تی له‌سه‌دا 93 یاخود 265 هه‌زار كه‌س له‌و عێراقیانه‌ی خۆیان بۆ ده‌نگدان ناونوس كردبوو له‌ 14 ووڵاتی جیاجیادا ده‌نگیانداوه‌.

XS
SM
MD
LG