Accessibility links

مه‌حمود عه‌باس هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی فه‌له‌ستینیه‌كانی بردەوە - 2005-01-10


مه‌حمود عه‌باس هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی فه‌له‌ستینیه‌كانی بردەوە و پشتگیرانی هیوادارن ڕێبه‌رایه‌تی عه‌باس دانوساندنه‌كانی ئاشتی له‌گه‌ڵ ئیسرائیلدا نوێ بكاته‌وە.

كاربه‌دەستانی هه‌ڵبژاردنی فه‌له‌ستینیه‌كان ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ گوتیان به‌ڕێز عه‌باس له‌ سه‌دا 62.3 ی دەنگه‌كانی به‌ دەست هێناوە و ڕەكه‌به‌رە سه‌رەكیه‌كه‌‌ی موسته‌فا ئه‌لبه‌رغوتی له‌ سه‌دا 20 ی دەنگه‌كانی به ‌دەستهێناوە.

شیكه‌رەوان دەڵێن ئه‌م بردنه‌وە به‌هێزەی به‌ڕێز عه‌باس دەسه‌ڵاتی ئه‌وەی دەداتێ كه‌ له‌ كارنامه‌كه‌یدا بۆ دامه‌زراندنی دەوڵه‌تێكی فه‌ڵه‌ستینی به بێ ڕوودانی توند و تیژی به‌رەو پێشچوون به‌ دەستبهێنێت.

به‌ڕێز عه‌باس له‌ ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌دا سه‌ركه‌وتنی خۆی ڕاگه‌یاند و به‌م شێوەیه‌ جێگه‌ی پۆسته‌كه‌ی یاسر عه‌رەفاتی گرته‌وە.

به‌ڕێز عه‌باس گوتویه‌تی پێویسته‌ فه‌له‌ستینیه‌كان پێكه‌وە كاربكه‌ن بۆ ئه‌وەی ئاسایش له‌ ناوچه‌كانیاندا سه‌قامگیر بكه‌ن و ئه‌و زیندانه‌ فه‌له‌ستینیانه‌ ئازاد بكه‌ن كه‌ له‌ لایه‌ن ئیسرائیله‌وە دەستگیر كراون.

ئیسرائیل دەڵێت سه‌رۆك وەزیر ئاریاڵ شارۆن به‌ نیازە له‌ ماوەی چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا، بانگهێشتی به‌ڕێز عه‌باس بكات تا ووتوێژ ئه‌نجام بدەن.

سه‌رۆك بوشیش له‌لای خۆیه‌وە ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی فه‌له‌ستینیه‌كان به ڕووداوێكی مێژوویی له‌ قه‌ڵه‌م دەدات.

XS
SM
MD
LG