Accessibility links

دەزگای زانیاری ئه‌مریكی دەڵێت سوریا و ئێران كاردەكه‌نه‌ سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانیی عێراق - 2004-12-08


كاربه‌دەستانی دەزگای زانیاری ئه‌مه‌ریكی ڕاپۆرتێكیان بڵاوكردۆته‌وە و ڕادەگه‌یه‌نن كه‌وا یاخیبوانی عێراق زیاتر له‌ جاران له‌ لایه‌ن ئه‌و عێراقیانه‌وە ڕێنمایی دەكرێن كه‌ ئێستاكه‌ له‌ سوریا دەژین. ڕاپۆرته‌كه‌ دەڵێت له‌ لایه‌ن پیاوانی سه‌دام حوسه‌ینه‌وە پارە وەردەگرن و پشتگیری دەكرێن له‌وەی هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر سه‌ربازە ئه‌مه‌ریكیه‌كان و حكومه‌تی كاتی عێراقی.

به‌ پێی ڕۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆست، ژمارەیه‌ك له‌ كاربه‌دەستانی باڵای عێراقیه‌ به‌عسیه‌كان له‌ سوریا په‌ناهه‌ندەن و له‌‌ ڕێگه‌ی چه‌ند سه‌رچاوەیه‌كی تایبه‌تی عه‌رەبستانی سعودیه‌ و ئه‌وروپاوە پارە بۆ یاخیبوان كۆدەكه‌نه‌وە.

كاربه‌دەستانی ئه‌مه‌ریكیش دەڵێن واشنتۆن دەستی كردووە به‌ فشار خستنه‌ سه‌ر سوریا تاوەكو ژمارەیه‌ك له‌و عێراقیانه‌ دەستگیر بكات كه‌ یارمه‌تی ئه‌و جۆرە كارانه‌ دەدەن. هه‌ر هه‌مان ڕۆژنامه‌ دەڵێت باڵیۆزی سوریا له‌ ئه‌مه‌ریكا نكۆڵی له‌و تاوانانه‌ دەكات و به‌ ڕاسته‌قینه‌یان دانانێت.

له‌ لایه‌كی ترەوە، ڕێبه‌رانی عێراق و ئوردون له‌ ماوەی دوو چاوپێكه‌وتنی جیاوازدا ... ئێرانیان تاوانبار كرد به‌وەی هه‌وڵی دەست تێوەردان و كارتێكردنه‌ سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق دەدات.

‌شا عه‌بدوڵڵای شای ئوردون دەڵێت نزیكه‌ی زیاتر له‌ ملۆنێك ئێرانی له‌ سنوری عێراقی په‌ڕیونه‌ته‌وە و زۆربه‌یان له‌ لایه‌ن حكومه‌تی ئێرانیه‌وە هان دراون و بۆ مه‌به‌ستی به‌شداریكردنی دەنگدانه‌كان چوون.

غازی ئه‌لیاوەری سه‌رۆكی عێراقیش گوتویه‌تی ئێران سه‌رپه‌رشتی و چاودێری هه‌ندێ له‌ كاندیدەكان دەكات و پارە دەدات به‌و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ی كه سه‌ر به‌ ئێرانن تاوەكو حكومه‌تێكی سه‌ر به‌ شیعه‌كان له‌ عێراقدا دابمه‌زرێنرێت.

XS
SM
MD
LG