Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئه‌مریكاو كاربه‌دەستانی نێونه‌ته‌وەیی و ڕێبه‌رانی عه‌رەب به‌شداری دووەم ڕۆژی كۆنگرەی تایبه‌ت به‌ عێراق دەكه‌ن - 2004-11-23


ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه،‌ وەزیری دەرەوەی ئه‌مریكا كۆڵن پاوەڵ و كاربه‌دەستانی نێونه‌ته‌وەیی و ڕێبه‌رانی عه‌رەب به‌شداری دووەم ڕۆژی كۆنگرەی تایبه‌ت به‌ بارودۆخی ئاسایشی عێراق و هه‌ڵبژاردنه‌ نیشتمانیه‌كان دەكه‌ن.

له‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌دا، عێراق و ووڵاتانی دراوسێی له‌ هاوینه‌هه‌واری شه‌رەم ئه‌لشێخ له‌ میسر كۆبوونه‌وە و به‌یاننامه‌یه‌كیان پێكه‌وەنا كه‌ بڕیارە له‌ كۆتایی كۆبونه‌وەی ئه‌مڕۆدا ڕابگه‌یه‌ندرێت كه‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا ڕووسیا تیایدا به‌شدارن.

باوەڕدەكرێت له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا پشتگیریه‌كی به‌هێزی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی عێراق بكرێت كه‌ بڕیارە له‌ 30 ی مانگی یه‌كی داهاتوودا به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌ندرێت. له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا كاتێكی دیاریكراو بۆ كشانه‌وەی سه‌ربازە ئه‌مه‌ریكیه‌كان دیاری نه‌كراوە، به‌ڵام مانه‌وەشیان بۆ ماوەیه‌كی كراوە نابێت.

له‌ ماوەی كۆنگرەكه‌دا، به‌شداربوان ڕەخنه‌یان له‌و توندوتیژیانه‌ گرت كه‌ له‌ عێراق به‌ ئه‌نجام دەگه‌یه‌ندرێت و داوایان له‌ دراوسێكانی عێراق كرد كۆنتڕۆڵی سنورەكانی عێراق بكه‌ن.

له‌ هه‌مان كاتدا، كۆمه‌ڵێك چه‌كداری نه‌ناسراو له‌ شارۆچكه‌ی میقدادیه‌ی باكوری به‌غدا مه‌لایه‌كی موسوڵمانی سوننیان كوشتووە. ئه‌مه‌ش هه‌ر له‌ ڕۆژێك پاش ئه‌وەی مه‌لایه‌كی تری موسوڵمانی سوننه‌ له‌ شاری موسڵ كوژرا. هه‌ر دوو مه‌لای ئاینی ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی مه‌لا موسوڵمانه‌كان بوو كه‌ بانگه‌شه‌ی ئه‌نجام نه‌دان و قه‌دەغه‌كردنی هه‌ڵبژاردنه‌كانیان دابوو.

له‌م بارەیه‌وە، سروە عه‌بدلواحدی په‌یامنێری به‌شی كوردی دەنگی ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌غداوە ڕاپۆرتێكی بۆ ناردووین.

XS
SM
MD
LG