Accessibility links

ته‌قینه‌وەی چه‌ند بۆمبێك له‌ دوو هۆتێلی ئه‌سته‌نبوڵ بۆته‌ هۆی كوشتنی دوو كه‌س و بریندار بوونی یانزدە كه‌سی دیكه‌ - 2004-08-10


له‌ توركیا ته‌قینه‌وەی چه‌ند بۆمبێك له‌ دوو هۆتێلی ئه‌سته‌نبوڵ بۆته‌ هۆی كوشتنی دوو كه‌س و بریندار بوونی یانزدە كه‌سی دیكه‌. سه‌رۆكی پۆلیسی ئه‌سته‌نبوڵ گوتویه‌تی ئه‌و هێرشانه‌ زیاتر له‌ هێرشی تیرۆرستی دەچێت.

ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌ له‌ زوویه‌كی ڕۆژی سێ شه‌ممه‌دا له دوو‌ هۆتێلی ناوچه‌ی لاله‌لی و سوڵتان ئه‌حمه‌د ڕوویداوە كه‌ هه‌ردووكیان له‌ شوێنه‌واری مێژووییه‌وە نزیكن.

یه‌كێك له‌ بۆمبه‌كان له‌ سێهه‌م نهۆمی هۆتێلی پارس ته‌قیه‌وە، پاش 10 دەقیقه‌ له‌وەی كه‌ یه‌كێك په‌یوەندی به‌ هۆتێله‌كه‌وە كردووەو هۆشداری دابوونێ دەربارەی ڕوودانی ئه‌و ته‌قینه‌وەیه‌. باوەڕدەكرێت له‌و كاته‌دا نزیكه‌ی 37 كه‌س میوانی ئه‌و هۆتێله‌ بووبێت.

پۆلیس گوتویانه‌ ژمارەیه‌ك له‌ خه‌ڵكانی بیانی ئازاریان پێگه‌یشتووە و ڕازی نه‌بوون به‌ دانی زانیاری زیاتر له‌و بارەیه‌وە.

بۆمبی دووەمیش له‌ هۆتێلی هۆڵیدەی له‌ ناوچه‌ی سوڵتان ئه‌حمه‌د ته‌قیه‌وە كه‌ ته‌نها چه‌ند كیلۆمه‌ترێك له‌و شوێنه‌وە دوورە كه‌ تیمی باسكێت بۆڵی ئۆڵه‌مپیات بۆ پیاوانی سه‌ر به‌ ووڵاته‌ یه‌كگرتووەكانی ئه‌مریكای لێماوەته‌وە پێش ئه‌وەی به‌رەو یۆنان به‌ڕێ بكه‌ون.

له‌ لایه‌كی ترەوە، له‌ بنكه‌یه‌كی به‌نزینخانه‌ی قه‌راخ شاری ئه‌سته‌نبولیشدا دوو بۆمبی تر ته‌قیوەته‌وە. له‌ ئه‌نقه‌رەی پایته‌ختیش كه‌سێكی نه‌ناسراو هێرشی كردۆته‌ سه‌ر بینایه‌كی حوكومی. جێی باسه‌، له‌ هه‌ردوو ئه‌و هێرشه‌دا هیچ كه‌سێك زیانی پێنه‌گه‌یشتووە.

XS
SM
MD
LG