Accessibility links

له‌ شاری نه‌جه‌ف 300 چه‌كداری عێراقی كوژراوە - 2004-08-06


شه‌ڕ و پێكدادان له‌ ناوەند و باشوری عێراقدا له‌ نێوان چه‌كداران و لایه‌نگرانی مه‌لای ڕادیكاڵی شیعه‌ ئاینزاكان موقته‌دا ئه‌لسه‌در و هێزی هاوپه‌یمانان و هێزەكانی حكومه‌تی عێراقیدا بۆ دووەم ڕۆژ به‌ردەوامه‌.

فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كانی له‌شكری ئه‌مریكیش له‌ شاری پێرۆزی نه‌جه‌ف شوێنی چه‌كدارانیان بۆمباران كردووە. له‌شكری ووڵاته‌ یه‌كگرتووەكانی ئه‌مریكا دەڵێن له‌م شه‌ڕوپێكدادانه‌ نوێیه‌دا نزیكه‌ی 300 چه‌كداری عێراقی له‌ شاری نه‌جه‌فی پیرۆز و سێ سه‌ربازی ئه‌مریكی كوژراوە.

وا دەردەكه‌وێت، ئه‌م پێكدادانه‌ دەستپێكردنه‌وەی سه‌رهه‌ڵدان و ڕاپه‌ڕینی شیعه‌كانه‌ كه‌ له‌ دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر دا كۆتاییان پێ هێنا بوو، هه‌رچه‌ندێكیشه‌ یارەیدەكانی موقته‌دا ئه‌لسه‌در داخوازی به‌ردەوام بوونی ڕێكه‌وتنامه‌ی شه‌ڕ راوەستاندن دەكه‌ن.

هه‌روەها شه‌ڕوپێكدادان له‌ چه‌ند شوێنێكی دیكه‌ی عێراقیش ڕاگه‌یه‌ندراوە. له‌وانه‌ گه‌ڕەكی سه‌در له‌ به‌غدا، له‌ شاری ناسریه‌ كه‌ بنكه‌ی سه‌ربازە ئیتالیه‌كانی لێیه‌ و له‌ به‌سرەش كه‌ سه‌ربازە به‌ریتانیه‌كانی لێیه‌.

له سامه‌را و باكوری به‌غداش كه‌ زۆرینه‌یان موسوڵمانی سوننه‌ن، شه‌ڕ له‌ درەنگانێكی ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌دا ڕوویداوە و له‌ ئه‌نجامدا سێ عێراقی كوژراوە و سیانزدەی تریش بریندار بووە.

XS
SM
MD
LG